هەفتەی داهاتوو لە تەواوی شەقامی 120 مەتریی هەولێر کامێرای 'خاڵ بۆ خاڵ' دەکەوێتەکار

15-10-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە تاوەکو کاژێر 12:00ی شەوی 21ی ئەم مانگە سەرجەم کامێراکانی 'خاڵ بۆ خاڵ' بە درێژایی شەقامی 120 مەتری وەکو تاقیکردنەوە دەکەونەکار، لە 22ی مانگیشەوە سەرپێچییەکان تۆمار دەکرێن.
 
رۆژی یەکشەممە 15-10-2023 بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، "سەرجەم شوفێران و هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە کە بە مەبەستی پابەندکردنی شوفێران بە رۆیشتن بە خێرایی دیاریکراو لە شەقامی 120 مەتریی خێرا، کە ئەوپەڕی خێرایی 110 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا و بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتی لەو شەقامە، لە ئەمڕۆوە تاوەکو کاژێر 12:00ی 21ی ئەم مانگە سەرجەم کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ بە درێژایی شەقامەکە وەکو تاقیکردنەوە بەکاردەخرێن."
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی هاتووچۆی هەولێر، لەدوای ئەو رێککەوتە، واتە لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو  22ی 10ی 2023 کامێراکان سەرپێچییەکان تۆمار دەکەن، بۆیە داوا لە شوفێران دەکات "بۆ پاراستنی خۆیان و ئازیزانیان و سەروماڵیان،" پابەندی رۆیشتن بن بە خێرایی دیاریکراو.
 
کامێرای 'خاڵ بۆ خاڵ' لە پارێزگای هەولێر تەنیا لە شەقامی 120 مەتری دانراوە، کە یەکەمجار لەڕێگەی کەرکووک بۆ بنەسڵاوە لەسەر شەقامەکە دانرا و کەوتەکار، لە قۆناخی دووەم لە رێگەی کەرکووک بۆ رێگەی موسڵ بە هەردوو ئاراستە کەوتەکار، بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە سەرجەم کامێراکانی شەقامەکە بکەونە کار.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارە لە قۆناخی داهاتوودا کار لەسەر رێگەکانی دەرەوەی شاری هەولێریش بکرێت و لەو رێگەیانەش کامێرای 'خاڵ بۆ خاڵ' دابنرێن، بەتایبەتی لە شەقامی 150 مەتری و لە رێگەکانی دیکەش بەگوێرەی پێویستی.
 
بۆ کۆنترۆڵکردنی خێرایی ئۆتۆمبێل لە شەقامەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای ئێرلی فیوچه‌ر کردووە بۆ دانانی نزیکەی 500 کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی کە بە شێوەی 'خاڵ بۆ خاڵ' کار دەکەن.
 
بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی لەنێوان کۆمپانیای ئێرلی فیوچه‌ر و وەزارەتی ناوخۆ کراوە، سەرەتا داهاتی ئەو کامێرایانە 70% بۆ کۆمپانیا و 30%ی بۆ حکومەت دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.