رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، 25ی تشرینی یەکەم خوێندنی وەرگیراوانی خوێندنی باڵا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، بەڵام لە زانکۆی سەلاحەدین دوێنێ شەممە دەستیپێکرد. یاریدەدەرێکی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت، "زانکۆکەمان بۆ دەستپێکردنی خوێندن ئامادە بوو، وەزارەتیش رەزامەندی دەربڕی." سەرۆکی زانکۆی دهۆک دەڵێت، ئامادەن بۆ دەستپێکردنی خوێندن لە 25ی مانگ.
رۆژی یەکشەممە 15-10-2023 عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستپێکردنی خوێندنی وەرگیراوانی خوێندنی باڵا بە رووداوی گوت، "25ی تشرینی یەکەم خوێندن لە زانکۆکان دەستپێدەکات. تەنیا لە سەلاحەدین دوێنێ شەممە دەستپێکراوە، چونکە خۆیان بەرنامەیان دانابوو، رەزامەندی وەزیریشیان وەرگرتبوو."
هەر لەو بارەوە د. فەرهاد عەلی، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بۆ کاروباری خوێندکاران و خوێندن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەزارەتی خوێندنی باڵا دەسەڵاتی بە سەرۆکایەتیی زانکۆکان داوە کەی دەست بە خوێندنی وەرگیراوانی خوێندنی باڵا بکەن. زانکۆی سەلاحەدینیش ئامادە بوو بۆئەوەی دەستپێبکات و پلانی کارکردنی خۆمان هەبووە؛ بۆیە پێمان باش بوو دەستپێبکەین."
د. داود ئەترووشی، سەرۆکی زانکۆی دهۆکیش بە رووداوی گوت، "بۆئەوەی پێشکێشکارانى خوێندنى باڵا بە تایبەتی ناوچە جێناکۆکەکان مامەڵەکانیان تەواو بکەن، دەستپێکردنی خوێندنی وەرگیراوانی خوێندنی باڵا بۆ 25ی ئەم مانگە دواخرا؛ چاوەڕوانین پیشکێشکاران مامەڵەکانیان تەواو بکەن بۆئەوەی دەستپێبکەین. دەکرێت پێش 25ی مانگیش دەستپێبکەین."
د. داود ئەترووشی گوتیشی، "206 کەس بۆ دیبلۆمی یەک ساڵە؛ 8 کەس بۆ دبلۆمی دوو ساڵەی پزیشکی؛ ماستەر 572 کەس؛ دکتۆرا 290 کەس و بە گشتی 1104 کەس لە زانکۆی دهۆک وەرگیراون."
مهاباد کامیل، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە لەبارەی دەستپێکردنی خوێندنی وەرگیراوانی خوێندنی باڵا لە زانکۆکەیان بە رووداوی گوت، "وەزارەت بڕیاریداوە 25ـی مانگ دەست بە دەوام بکرێت و ئێمەش چاوەڕوانین، هەموو زانکۆکان، جگە لە سەلاحەدین، پێکەوە بڕیار دەدەین؛ بۆیە چاوەڕوانین بزانین زانکۆکانی دیکە کەی دەستپێدەکەن."
بە گوتەی مهاباد کامیل، لە زانکۆکەیان تەنیا ماستەر دەخوێندرێت کە بۆ ئەمساڵ نزیکەی 60 کەسیان هەیە.
تاوەکو ئێستا دیار نییە دەوامی خوێندنی باڵا لە زانکۆی سلێمانی کەی دەستپێدەکات، چونکە ئەو زانکۆیە تاوەکو ئێستا بڕیاری لەبارەی دەستپێکردنی دەوامی بەکالۆریۆسیش نەداوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارە رۆژی چوارشەممە 18ی مانگ ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی کۆببێتەوە و بڕیار لەبارەی دەستپێکردنی دەوامی بەکالۆریۆس یان دواخستنی بدات، هەرکاتێک ئەو پرسە یەکلابووەوە بڕیار لەبارەی خوێندنی باڵاش دەدرێت.
رۆژی 11-10-2023 د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بە رووداوی گوت، بڕیار بوو 15ـی ئەیلوول دەست بە دەوامی ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 بکەن، بەڵام مامۆستایان مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت و نۆیان بۆ خەرجنەکرا، بۆیە لەکاتی خۆی دەوام دەستیپێنەکرد.
رۆژی 12ی حوزەیرانی 2023 تاقیکردنەوەی توانستی زانستیی خوێندنی باڵا بۆ دیپلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا بەڕێوەچوو، کە 15 هەزار و 728 کەس داواکارییان پێشکێشکردبوو و تاقیکردنەوەکەیان کرد؛ 11 هەزار و 382یان بۆ ماستەر و دوو هەزار و 692ـیان بۆ دکتۆرا، 177یان بۆ دیپلۆمى باڵاى دوو ساڵەى پزیشکى و هەزار و 477یان بۆ دیپلۆمى باڵاى یەک ساڵەى ئەکادیمى بەشدارى تاقیکردنەوەکانیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ