نێچیرڤان بارزانى جەخت لە پرۆسەى چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگە دەکاتەوە

15-10-2019
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی
A+ A-
رووداو - هەولێر 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ راوێژکارى باڵاى بەریتانیا بۆ کاروبارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کۆبووەوە و جەختی لە پابەندى پرۆسەى چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگە کردەوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 15-10-2019 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جەنەرال جۆن لۆریمەر، راوێژکارى باڵاى بەریتانیا بۆ کاروبارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و شاندێکى یاوەرى کۆبووەوە.
 
 بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکى هەرێمى کوردستان سوپاسى بەریتانیا و هاوپەیمانيى نێودەوڵەتى کرد کە لە شەڕى دژى تیرۆردا هاوکاریى هەرێمى کوردستان و عێراقیان کردووە و جەختى لە پێویستیى بەردەوامیى پشتگیریى بەریتانیا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کردەوە بۆ پاراستنى دەستکەوتەکانى سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا و رێگریکردن لە مەترسیى سەرهەڵدانەوەى داعش.
 
وەک لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، جەنەراڵ لۆریمەر جه‌ختی له‌ پابەندیى بەریتانیا بۆ بەردەوامیى پشتگیریى و هاوکاریی هەرێمى کوردستان و عێراق له‌ ڕووبەڕووبوونەوەى هەڕەشەکانى تیرۆر کردەوە و ئامادەییى وڵاتەکەى بۆ بەردەوامیى هاوکاریکردنى وەزارەتى پێشمەرگە لە پرۆسەى چاکسازی و مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە دووپاتکردەوە، خۆشحاڵیى خۆیشى بە هاوکاریکردنى وەزارەتى پێشمەرگە لەم بوارەدا نیشان دا.
 
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان و کۆنسوڵى گشتیى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان ئامادەى بوون، هەردوولا گرنگیى هەماهەنگیى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و رووبەڕووبوونەوەى مەترسییەکانى سەرهەڵدانەوەى تیرۆر، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، دۆخى عێراق و خۆپیشاندانەکانى بەغدا و پارێزگاکانى دیکە، پێشهاتەکانى سووریا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە رۆژهەڵاتى فرات بەتایبەتى و بارى مرۆیى و دۆخى ناوچەکەیان بەگشتى، تاوتوێ کرد.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.