رووداو دیجیتاڵ
دۆسیەی سێ تۆمەتباری هەڵهاتووی کۆمەڵکوژیی سێواز بە پاساوی بەسەرچوونی کاتەکەی هەڵوشێندرایەوە و بەمەش دۆسیەی کۆمەڵکوژیی سێواز بەیەکجاری داخرا.
رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2023 دادگەی باڵای تاوانەکانی ئەنقەرە بڕیاری دا بە رەتکردنەوەی دادگاییکردنی سێ تۆمەتباری هەڵاتوو، سەبارەت بەو رووداوانەی کە بووە هۆی سووتاندنی هۆتێل مادماک لە شاری سێوازی باکووری کوردستان، کە بەهۆیەوە 37 کەس گیانیان لەدەستدا.
سکاڵاکاران و پارێزەرەکانیان بەشداریان لە دانیشتنەکەی دادگەی باڵای تاوانەکانی ئەنقەرە کرد و ژمارەیەک پەرلەمانتاریش وەک چاودێر لە دانیشتنەکەدا ئامادەبوون.
سکاڵاکاران رایانگەیاند، تۆمەتباران تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییان کردووە و ئەم تاوانە ناچێتە ژێر یاسای بەسەرچوونی کات. لە بەرامبەردا داواکاری گشتی رایگەیاند، 30 ساڵ بەسەر دۆسیەکەدا تێپەڕیوە و لە 2ـی تەممووزی 2023 کۆتایی هاتووە.
دادگەی باڵای تاوانەکانی ئەنقەرە بڕیاریدا بەوەی دۆسیەی هەر سێ تۆمەتبارەکە رەتبکاتەوە.
دوای راگەیاندنی بڕیارەکە ئامادەبووانی دانیشتنەکە لە نێو هۆڵەکەدا ناڕەزایەتیان بەرامبەر بڕیارەکە دەربڕی.
هەفتەی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بە پاساوی 'نەخۆشیی بەردەوام' لە سزای زیندانییەکی کۆمەڵکوژی سێواز خۆش بوو. دواتر بڕیارەکە لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوکرایەوە.
30 ساڵ بەر لە ئێستا و لە 2ی تەممووزی 1993دا کۆمەڵکوژییەک لە شاری سێوازی باکووری کوردستان روویدا، کە دانیشتووانەکەی هەم عەلەوی و هەم سوننە مەزهەبن.
ئەوکات کۆمەڵە عەلەوییەکان و شاعیر و رۆشنبیر و نووسەرەکانیان بەنیازبوون بەشداری لە فێستیڤاڵی پیر سوڵتان عەبداڵدا بکەن.
رۆژێک پێشتر لە رێگەی چاپەمەنییەکانەوە بانگەشەیەک دژیان کرا. رۆژی دووەم هوتێل مادماک کە ئەو کەسایەتییە عەلەوییانەی تێدابوو گەمارۆدرا و ئاگر لە هۆتێلەکە بەردرا.
کۆمەڵکوژییەکەی سێواز لەلایەن "ئیسلامییە پەڕگیرەکان" کرا. هوتێلەکە بەتەواوی سووتێندرا و بەهۆیەوە 37 کەس گیانیان لەدەستدا کە 33 یان رۆشنبیر و شاعیر و نووسەری عەلەوی بوون، دووانیان کارمەندی هۆتێلەکە بوون و دووەکەی دیکەشیان لە هێرشکارەکان بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ