مەهدی زانا بۆ رووداو: پەیوەندیم لەگەڵ هەموو هێز و لایەنە کوردییەکان هەیە

15-09-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
 هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مەهدی زانا
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مەهدی زانا
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

مەهدی زانا، سیاسەتڤانی کورد رایگەیاند، هەمیشە هەوڵی یەکڕیزی هێزە کوردییەکانی داوە و پەیوەندی لەگەڵ هەموو هێز و لایەنە کوردییەکان هەیە.       
 
مەهدی زانا هاوژینی لەیلا زانایە. ئەو ساڵانی 1970کان سەرۆکی شارەوانیی ئامەدی باکووری کوردستان بوو. دواتر بەهۆی بانگەشە بە زمانی کوردی و قسەکردن بە زمانی دایکی ساڵانێکی دوور و درێژ خرایە زیندانەوە. 
 
مەهدی زانا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە هێمن عەبدوڵڵا ئەنجامیدا، باسی لە لەیلا زانا کرد و گوتی، ئێستا ئەو لە ئامەد لای دایکی دەژی و دوو کچەکەشیان لەلای دایکیانن. 
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە: 
 
رووداو: مامۆستا مەهدی زانا لە دەستێکی ئەمساڵدا هەواڵێک بڵاوبووەوە کە مامۆستا مەهدی زانا کۆچی دواییکردووە، کە زیاتر لە سۆشیالمیدیا بڵاوبووەوە هاوکارێکمان لە بەشی تورکی پۆرتاڵی رووداو پەیوەندی پێوەکردبووی، ئینجا وەڵامی جەنابت زۆر سەرنجراکێشبوو کە گوتبووت من زۆر باشم و فریشتەکان دەمپارێزن، ئایا فریشتەکان بەردەوامن لە پاراستنت و تەندروستیت باشە؟
 
مەهدی زانا: باشە، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەش.. نازانم ئەو هەواڵەیان لە کوێ هێناوە ئەوە نازانم، ئێستا من 83 ساڵم. من کەی دەمرم ئەوە نازانم ئێمە نازانین و کەی دەڕۆین بۆ جیهانەکەی دیکە، ئەمە دیار نییە، ئیتر نەمزانی هەواڵی مردنی منیان لە کوێوە هێناوە و لەکێیان پرسیوە، بەڕاستی کاتێک منیش هەواڵەکەم بیست شۆک بووم.
 
رووداو: بەڵام تاوەکو ئێستاش فریشتەکان دەتپارێزن؟ 
 
مەهدی زانا: بەڵێ.. بەڵێ، کاتێک مرۆڤ شتی وا دەبینێت شۆک دەبێت.
 
رووداو: ئێستا ژیان لە ستۆکهۆڵم لە سوێد بەسەردەبەی یان لە شوێنێکی دیکەش؟
 
مەهدی زانا: بەزۆری لە سوێد ژیان بەسەر دەبەم، هەندێک جاریش دەچم بۆ شوێنەکانی دیکە، چونکە من کوردم و کوردایەتی دەکەم، بەردەوام بە دوای دۆزی کوردەوەم، بۆ نموونە من چوومەتە باشوور و هەوڵمداوە شتێک بکەم، بەتایبەتی لەنێوان هێزە کوردییەکان هەوڵی دانوستاندن و نزیکبوونەوەم داوە، چونکە سیاسەتی من تەنیا کوردایەتییە و من هەموو شتێک نازانم، بەڵام دۆزی کورد بۆمن گرنگە، منیش مرۆڤم بۆیە ئەوەی بەمن بکرێت بۆ دۆزی نەتەوەکەم دەیکەم، بۆیە سیاسەتی من نەچەپە، نەڕاستە، نە لایەنێکی دیاریکراوە، من پەیوەندیم بە هەموو هێز و لایەنە کوردییەکان هەیە.
 
رووداو: ئێستا ژیان لێرە بەسەردەبەی لە ستۆکهۆڵم؟ 
 
مەهدی زانا: بەڵێ لە سوێد دەژیم و لێرە دەمێنمەوە و دێم و دەچم.
 
رووداو: گوتت هاتووچوونت کەمبووەتەوە و زیاتر لە سوێد دەمێنیەوە، رۆژەکانت چۆن بەسەر دەبەی، پێشتر لە زینداندا کتێبت دەنووسی و بیرەوەرییەکانی خۆت دەگێڕایەوە، لە سوێد شتێکی وات کردووە؟
 
مەهدی زانا: نا من هیچ نانووسم و نەمنووسیوە، بۆچی، چونکە لە زیندان بە هەڤاڵ و هاوزیندانییەکانم دەگوت کە ئازار و ئەشکەنجەی زۆر لە دیابەکر هەیە، هەموو ئەو زوڵم و ستەمە دەزانن کە لەوێ کراوە و هەبوو و ئەو گەنجە قارەمانانە کوژران، لە رۆژانی برسیکردن بەرەو مەرگ رۆیشتن مافی ئەوان لەبیر ناکرێن، قارەمانییەتیێکی گەورەیان کرد من لەناو ئەواندا بووم، تێپەڕاندنی ئەو کاتانە زۆر قورسبوو لە زیندان دەمزانی کەس باسی ئەو رووداوانە ناکات، بۆیە من لە زیندان کتێبێکم نووسی و هەموو رووداوەکانم گێڕاوەتەوە ئەوکاتە هەموو ئەو شتانەم باس کرد کە خەڵک چیکرد و چیان دەویست و چییان لێهات هەموویم نووسیەوە و کردمە کتێبێک، بەڵام لە دوای دەرچوونم لە زیندان هیچ شتێکم نەنووسیوەتەوە.  
 
رووداو: بۆچی؟
 
مەهدی زانا: ئەمەش وەک پیشەیەکە.. من دادەنیشم بیردەکەمەوە ئیتر نانووسم، بەڵام هەمیشە دەخوێنمەوە.. کتێب دەخوێنمەوە. واتە کە لەماڵەوەم هەمیشە دەخوێنمەوە، بەڵام نانووسم.
 
رووداو: دوای ئەوەی لە زیندان ئازادکرایت و هاتیتە ئەوروپا و لە سوێد نیشتەجێبووی، لەگەڵ ئەمنیستی کارتکرد و لە وڵاتان دەگەڕان، ئێوە باسی چیتان دەکرد؟  
 
مەهدی زانا: باسی ئەشکەنجە و ئازارەکانی زیندانم دەکرد و لە وڵاتان نامەم بۆ دەهات و ورەمان بەرزدەبووەوە باوەڕمان نەدەکرد کە جیهان ئاگای لە ئێمە هەیە، بۆیە باسی هەموو ئەو ستەمانەم دەکرد کە لێمان کرا، بۆ نموونە کوشتنی 65 کەس و ناوی هەموویانم لە کتێبەکەمدا نووسیوەتەوە و قارەمانییان نواندووە لە دژی ستەم و زوڵم و نابێت رۆڵیان باس نەکرێت و پەراوێز بخرێن و هەروەها ئەو ئەشکەنجە و ستەمەی لەو بەندینخانەیە هەبوو لە دونیا وێنەی نەبووە و هەرگیز لەبیریشم ناچێتەوە و ئەمەش هۆکاری نووسینی کتێبەکەم بوو، ئەو قارەمانییەی ئەو گەنجانە کردیان لەبیر ناکرێت، جا سەر بە هەر پارت و لایەنێك بن یان کێ کردبێتی گرنگ نییە، گرنگ ئەو چالاکییەی ئەوان پاڵەوانییەتی بوو و نابێت لەبیربکرێن و دەبێت بەها و قیمەتیان بزانرێت. 
 
رووداو: ئەوانەی ئاگاداری دەرەوە نین، لەوانیە وابیربکەنەوە کە مەهدی زانا تەنیا لە نێو کوردان ناسراوە و یان لەیلا زانا تەنیا لەنێو کورددا وەک سیمبولێک دەناسرێت، بەڵام کاتێک بە زمانەکانی دیکە سێرچی بۆ دەکەی دەبینی لە پەرلەمانی ئەوروپا و پەرلەمانی سوێد و هۆڵەندا و چەند شوێنی دیکە باسی مەهدی زانا دەکەن و ئەوان بە باشی دەتناسن هێشتا ئەو پەیوەندییەت ماون لەگەڵ ئەوان یان وڵاتانی دیکە؟
 
مەهدی زانا: گەڕاوم و زۆریان رێز لێگرتووم و تاوەکو ئێستا باسم نەکردووە و بۆتۆ باسی دەکەم ئەوەی ئەو وڵات و خەڵکانە رێز و بەهایان پێداوم نەیانداوە بە خەڵکی دیکە، لە زۆر وڵاتی جیهان گەڕاوم و بانگهێشتیان کردووم و رۆیشتووم و گەورەی ئەو وڵاتانە پێشوازییان لێکردووم و قسەم لەگەڵیان کردوون و ویستوویانە بمناسن و وێنەمان گرتووە، بەزۆری کاتێک دەچوومە ئیڤێنتەکان سەرۆکی ئەو وڵاتانە پێشوازییان لێکردووم و منیان ناسیوە و رێزیان لێگرتووم، ئەوە راستییەکەیە لە رووس و چین و زۆر وڵاتان گەڕاوم و گەورەکانی ئەوانم بینیون و رێزی زۆریان لێگرتووم و بەرزیان دەنرخێنم. 
 
رووداو: وەک خانەوادەش ئێوە قوربانی زۆرتان داوە، تۆ زیندانی کراوی هەروەها لەیلا زاناش زیندانی بوو منداڵەکانتان کەمتر لەگەڵ ئێوە بوون، ئێستا دۆخی ماڵباتی ئێوە چۆنە خاتوو لەیلا و منداڵەکان لە کوێن؟
 
مەهدی زانا: من زیاتر لە 16 ساڵ لە زیندان مامەوە و لەیلاش نزیکەی 11 ساڵ لە زیندان مایەوە، هۆکارەکەش کوردایەتی بوو، دۆخەکە وابوو، زۆر ناخۆش بوو، دوای ئەوەی کە لەزیندان دەرچووین دۆخی گوزەرانمان باش نەبوو و خانەوادەکانمان هاوکارییان دەکردین و بەو هۆیەی پەیوەندیمان بە لایەنە سیاسییەکانیش نەبوو بۆیە زۆر قورس بوو.
 
رووداو: ئەی ئێستا خاتوو لەیلا زانا لە کوێیە؟ 
 
مەهدی زانا: لەیلا ئێستا لە دیاربەکر دەژیت و لای دایکە بەساڵاچووەکەی و بە خانەنشینییەکەی دەژیت.
 
رووداو: ئەی رووکەن و روونی لە کوێن؟ 
 
مەهدی زانا: رووکەن و روونی هەردووکیان لەگەڵ دایکیانن و لەوێ دەژین و منیش لە سوێد دەژیم، ئیتر ئاوا من دێم و دەچم و ژیانمان ئاوایە.      
 
رووداو: بەڕێز مەهدی زانا تۆ لە ژیانتدا زۆر کەم منداڵەکانت بینیون، لە سوێد بووی، هەروەها لە زیندان بووی. 
 
مەهدی زانا: راستە من زۆر ئەوانم نەبینیون و ئەوانیش منیان زۆر نەبینیوە. 
 
رووداو: ئەی پەیوەندی ئێوە وەک باوک و منداڵ چۆنە؟ 
 
مەهدی زانا: باشە رۆژانە بە تەلەفۆن قسە دەکەین و لێیان دەپرسم و گوێم لە دەنگیان دەبێت و ئارام دەبمەوە، چیبکەین بە دەست ئێمە نەبوو، زۆر کەس لە دۆزی نەتەوەکەیدا خۆیدا نابێت خۆی پێ گەورە بێت و پێویستە رێز لە دۆخی نەتەوەکەی بگرێت و مرۆڤ چی پێبکرێت ئەوە دەکات، لەوانەیە کەم و کوڕیمان هەبێت نەزانینمان هەبێت، ئێمەش مرۆڤین و بابەتی ئێمەش بابەتێکی کوردایەتییە و بەمشێوەیە بەڕێمان کردووە.   
 
رووداو: پێش ئەوەی دەست بە هەڤپەیڤینەکەمان بکەین، پێم گوتی کە کوردبوون زۆرە، بەڵام تۆ گوتت کوردبوون زۆر خۆشە، بەڵام بەهۆی کوردبوونت و قسەکردنت بە کوردی زۆر ئەشکەنجە دراوی تاوەکو ئێستاش ئەنجامی ئەو ئەشکەنجەیە بەسەرتەوە ماوە، بەڵام تۆ دەڵێی نا کوردبوون خۆشە، بۆچی تۆ ئەمە دەڵێی؟
 
مەهدی زانا: ئێ بابەتی کوردایەتیی بەبێ بەرامبەر نابێت و من پێشتر حیسابی ئەوەم کردبوو کە دەبێت باجەکەی بدەم، سەرم دەکەوێتە کێشەوە، واش بوو، بەڵام من سوودم لە خانەوادەکەم وەرگرتووە، هەم خێزانەکەم و هەمیش دایک و باوکم و خوشک و براکانم و هەموویان هاوکارییان کردم و شانسم لەوەدا هەبوو ، بۆیە ئێمـە حیسابی ئەوەمان کردبوو کە دۆزی کورد بەبێ باج و بەرامبەر نابێت و من کەلە زۆر ناوچەکانی کوردستان گەڕاوم و باسی ئەوەم کردووە کە دۆزەکەمان بەبێ بەرمبەر نابێت و دەبێ ئەوە لە بەرچاوبگرین.
 
رووداو: ئەمە زۆر گرنگە، تۆ لە بیرەوەرییەکانت لە کتێبەکەشتدا باسی ئەوە دەکەی کە تۆ سەرۆکی شارەوانیی ئامەد بووی، هەروەها لە زیندان بووی و زۆرشت لەسەر تۆ نووسراون کە تۆ چیتکردووە دواتر کە لە ئەوروپا و سەرانسەری جیهان بەناوبانگ بووی و زۆر بەرپرس و سەرۆکی وڵاتانت بینیون، بەڵام لە کتێبەکەتدا دەگەڕێیەوە بۆ فارقین و باسی ئەوە دەکەی کە لەمامۆستایەکت فێربووی، کاریگەری فارقین و باژێرەکەی و مامۆستاکەت لەسەر کوردبوونت چی بوو؟ 
 
مەهدی زانا: کایگەری فارقین زۆر بوو، خەڵکی فارقین هەمووی کوردپەروەربوون و کاتێک من کوردایەتیم دەکرد ئەوان لێم تووڕەنەدەبوون، بەڵکو پشتیوانیان دەکردم و من سوودی زۆرم لەوان بینی و ئەوان بە دەنگی بەرز کوردایەتییان دەکرد لە میتینگێک کە بەناوی کوردی کردمانەوە لەوێوە دەستمان پێکرد و خەڵک خۆڕسکانە دەهاتن و پشتیوانییان لێدەکردم، بۆیە زۆر سوودمەندبووم لێیان لە پرسی کوردایەتییدا ئەوان بە کوردی قسەیان دەکرد، بۆیە زۆر سوودم لێیان بینی.
 
رووداو: لە ساڵانی حەفتاکان تۆ بە کوردی قسەت دەکرد و کۆمپانیاکەشت کوردی بوو لە ئامەدیش رۆژێک پێش دەنگدان تۆ بە کوردی قسەت کرد و ئیتر دەستگیرکرای، ئەو سەردەمە ئامەد چۆن بوو چۆن بە کوردی قسەیان دەکرد و خەڵک هەبوو بە تورکی قسە بکەن؟
 
مەهدی زانا: هەندێک تورکی هەبوو، بەڵام من بە کوردی قسەم دەکرد و خەڵکیش حەزی لێبوو و هەلهەلەیان لێدەدا و هەڤاڵانیش لە میتینگەکان باسی ئەوە دەکەن، بۆیە قسەکردنی من هەمیشە بە کوردی بوو خەڵکیش پێی دڵخۆشبوون و خەڵک لە خۆشیان هەلهەلەیان لێدەدا و گوتافیان دەگوتەوە. 
 
رووداو: تۆ لە زۆر شوێن و شارەکانی کوردستان گەڕاوی پێش هەڤپەیڤینەکە بەمنت گوت ئەوکات لە هەموو شوێنەکان خەڵک بە کوردی قسەیان دەکرد، ئێستا دەڵێن قسەکردن بە کوردی لە باکوور کەمبووە بۆچی وایلێهاتووە؟
 
مەهدی زانا: وڵات وڵاتی ئێمەیە و خەڵکانی غەریب هاتوون داگیریانکردووە و دەیانەوێ سوودی لێببینن و پێشمان لێبگرن و سووکایەتیمان پێبکەن و کوردبوونیش ئینکار بکات و زیانی لێبدات، ئەوە بابەتەکەیە بۆیە دەبێت ئێمە ئەوەبزانین و دەبێت خۆیی بین، ئێمە دوژمنی کەس نین و هیچ نەتەوەیەک ئینکار ناکەین، بەڵام ئێمە کوردین و ئێمە خۆمان دروست نەکردووە، ئێمە کوردین و کوردی زمانی ئێمەیە و ئەمەش وڵاتی ئێمەیە و دابونەریتی ئێمەیە، بۆیە خۆمان بە نەیاری کەس نازانین و ئینکاری لەهیچ نەتەوەیەکیش ناکەین، بەڵام داوای مافەکانی خۆمان دەکەین. 
 
رووداو: کاتێک سەرۆکی شارەوانیی ئامەد بووی و پێش ئەوەی بچیتە زیندان تۆ هاتیتە ئەوروپا و لە چەند وڵاتێک کۆمەکت کۆکردەوە بۆ ئامەد و دواتر زیندانی کرای و دوای ئازادبوونت گەڕایتەوە ئەوروپا، بەڵام ئەمجارە مایتەوە، تۆ بڕیارێکی راستت دا کە لە ئەوروپا مایتەوە؟ یان باشتربوو لە کوردستان بمێنیەوە؟
 
مەهدی زانا: ناچاربووم، کە هاتم و زۆر گەڕام و دواتر خێزانەکەشم لەیلا کەوتە زیندان بەهۆی کوردبوون کاتێک بە کوردی قسەی کردبوو، ژیانمان بەوشێوەیە بوو، لەوانەیە بەشێکیش بگەڕێتەوە بۆ نەزانینی خۆمان، بەڵام ئێمە ژیانمان بەهۆی کوردبوون و دۆخی نەتەوەکەمان بەوجۆرە بەڕێکردووە و من لێرە مامەوە و لەیلاش لای دایکییەتی کە زۆر بەساڵاداچووە و خزمەتی دەکات، دوای ئەوەی زیاتر لە 10 ساڵ لە زیندان مایەوە و منیش زیاتر لە 16 ساڵ، ئیتر ئەمە دۆزی کوردە، خۆ زۆر گەنج و لاوی ئێمە لەم رێگەیەدا کوژران و دەبێت ئێمە بەهای ئەوان بزانین، بۆیە بیروباوەڕی ئێمە کوردایەتییە و ئەمەش باجی دەوێ.
 
رووداو: تۆ کوردایەتییت کرد، بە کوردی قسەت کرد زیندانی کرای و لەوێش بە کوردی قسەت کرد و ئەشکەنجەدرای و لە دادگەش بە کوردی قسەت کرد و لەیلا زاناش بە کوردی سوێندی خوارد، یەکێک لە بابەتەکان زمان بوو کە گرنگبوو، بەڵام ئەگرومێنتێک هەیە زۆر کەس ئێستا لە باکوور دەڵێن کوردایەتی بە کوردیش دەکرێت و من بە تورکی سیاسەت دەکەم و بە تورکی قسە دەکەم، ئێوەش نەتاندەتوانی بە تورکی قسەبکەن، بەڵام کوردایەتی بکەن؟ 
 
مەهدی زانا: ئێمە کوردایەتی بوو، دەوڵەتیش هاتە نێو بابەتەکە ئێمە دەمانویست وەک خۆمان بین و کاتێک دەستمان بە کوردایەتیی کرد و دۆزی نەتەوەکەمان هەڵگرت ئێ دەبوایە بە زمانی کوردی قسەبکەین.  
 
رووداو: بڕیارت داوە بگەڕێیتەوە وڵات و لەوێ بژی؟
 
مەهدی زانا: من دەگەڕێمەوە حەزیش دەکەم، بەڵام بزانم مەرجەکانم لەوێ جێبەجێ دەبن، ئێستا لە سوێد کەس حەقی بەسەر کەسەوە نییە و کەس کەس عاجز ناکات، لێرەش هەمیشە دەخوێنمەوە، لەیلاش ئێستا لە گوندە لای دایکە بەساڵاچووەکەی جارجاریش دەچێتە دیاربەکر، بۆیە دەبێت بزانین هەلومەرجی ژیانمان لەوێ چۆن دەبێت، بەڵام بەخوا مەسەلەی کوردایەتیمان لە بیر ناجێتەوە و بزانین چیمان پێدەکرێ ئەوە دەکەین، بابەتەکە ئەمەیە.
 
رووداو: زۆر سوپاس کاک مەهدی زانا هەمیشە تەندروست بژی. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان

لە هەرێمی کوردستان راهێنان بە 17 هەزار کەس دەکرێت بۆ سەرژمێری

16ـی تشرینی دووەم کاری مەیدانی دەستپێدەکات، بژمێرەکان ماڵ بە ماڵ و شەقام بە شەقام زانیارییەکان وەردەگرن، وەڵامی 70 پرسیار لە فۆڕمەکانیان تۆماردەکەن، 20 و 21 مانگ زانیارییەکان پشتڕاستدەکرێنەوە، لە دوای کاژێر 12:00ـی شەوی 21 ـی مانگ، هیچ کەسێک تۆمار ناکرێت.