رووداو دیجیتاڵ
لە بەشی دەیەمی بەرگی شەشەمی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگارییخوازی کورد) سەرۆک مەسعود بارزانی باسی دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2005 دەکات، لەوانەش سەردانی شاندێکی ئێران لە 19ی کانوونی یەکەمی 2005 بۆ هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە قاسم سولەیمانی، جەعفەری، فرووزندە و ئەمیری لە ئیتلاعات.
سەرۆک بارزانی دەڵێت، سەرەتا سولەیمانی دەستی بە قسەکردن کرد، "دیاربوو ئامانجی سەردانەکەیان رازیکردنمان بوو بۆ زیندووکردنەوە و بەهێزکردنی هاوپەیمانییەتی نێوان کورد و شیعە. کۆماری ئیسلامی داوا دەکات پەیوەندییەکانیان لەگەڵ مەسعود بارزانی بەهێز و باش بن، کاتی خۆی پێشنیازی کرد کە ببێتە سەرۆککۆمار، بەڵام قبووڵی نەکرد."
هەروەها شاندە ئێرانییەکە گوتوویانە: "پاڵێوراوەکانمان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بریتین لە جەعفەری و عادل عەبدولمەهدی. سەید عەبدولعەزیز حەکیم چاوەڕێ دەکات مەسعود بارزانی پشتگیری لە عەبدولمەهدی بکات."، "سەدر پشتگیری جەعفەری دەکات، بەڵام گوشارێکی زۆری دەخەینە سەر، بۆ ئاگاداریتان جەعفەری زۆر دژی مام جەلالە."، "جاری پێشوو پلە و پایەکی زۆرتان بە یەکێتی دا، مادام ئەمجارەش پاڵێوراوەکەتان هەر مام جەلالە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار، وەک جاری رابردوو نەکەنەوە."
سەرۆک بارزانی هەر سەبارەت بەو کۆبوونەوەیە نووسیویەتی: "قاسم سولەیمانی لە کۆتایی کۆبوونەوە و قسەکانیدا رایگەیاند کە بانگهێشتنامەی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانم بۆ هێناویت بۆ سەردانی تاران. قاسم سولەیمانی راشیگەیاند: (رێبەر پێی گوتم بارزانی لەگەڵ هەموو کەس جیاوازە، چونکە خاوەنی بەڵێنەکەیەتی)."
لە بەشی دووەمی بەرگی شەشەمی کتێبەکەیدا، بارزانی باسی سەردانێکی قاسم سولەیمانی بۆ هەرێمی کوردستان دەکات لە 12ی تەممووزی 2014.
سەرۆک بارزانی دەڵێت: "کۆبوونەوەیەکی زۆر راشکاوانەمان هەبوو، لەبارەی پێشهاتەکان و هەڕەشەی داعش، لە بەشێکی کۆبوونەوەکە سولەیمانی رایگەیاند، لە تاران تێگەیشتنێک دروست بووە، کە لە شەڕی دژی داعشدا وەکو پێویست یارمەتی شیعەکان نەدراوە و هاوکاری نەکراون."
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سولەیمانی گوتوویەتی: "هەڵسوکەوتەکانتان نیگەرانی دروست کردووە، بە تایبەت لە کەرکووک. دوێنێ لە تاران کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشیی نەتەوەییمان هەبوو، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە سیاسەتی هەرێمی کوردستان کرا، ئەگەر بەنیازی جیابوونەوەن بۆچی مالیکی لابدرێت و ببێتە هۆی پەرتەوازەیی نێو ماڵی شیعە، نەگەڕانەوەی وەزیرە کوردەکان بۆ بەغدا و گرتنەوەی نەوتی کەرکووک و دەرکردنی فەرمانبەرە عەرەب و تورکمانەکان کاریگەریی و رەنگدانەوەیەکی نەرێنی و خراپی هەبووە، ئێمە نیگەرانین، چونکە ئێستا هاوپەیمانییەتی لە نێوان کورد و سوننەدا هەیە، نەک لەگەڵ شیعە."
سەرۆک مەسعود بارزانی لە وەڵامی قسەکانی سولەیمانیدا گوتوویەتی: "نازانین بۆچی دژایەتی مافەکانمان دەکرێت؟ ئێمەش گازندە و گلەییەکی زۆرمان هەیە و نیگەرانین، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کە شیعەیە، نانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی بڕی، هەڵوێستتان چی بوو و چی کرا لەم بارەیەوە، ئەگەر ئێمە کێشەی سەرەکین بۆ ئێوە، دوای ئەوەی بۆمبی ئەتۆمیتان دروست کرد لەسەرمان تاقیبکەنەوە بۆ ئەوەی بە یەکجاری لە کۆڵتان ببینەوە." بارزانی دەڵێت، یەکەمجاری بوو کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سولەیمانی بە ناخۆشی کۆتایی پێ بێت.
هەر لەو بەشەی کتێبەکەدا کە باس لە هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکات، سەرۆک بارزانی باسی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ قاسم سولەیمانی دەکات و دەڵێت: "رۆژی 17ی حوزەیران تەلەفۆنی بۆ کردم و داوای بەهاناوەچوونی تەلەعفەری کرد."
رۆژی دواتر قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس سەردانی بارزانیان کردووە. سەرۆک بارزانی دەڵێت: "لە کۆبوونەوەیەکدا رایانگەیاند، بارودۆخەکەیان تا سامەڕا کۆنتڕۆڵکردووە و بە هیچ شێوەیەک داعش ناتوانێت بگاتە بەغدا، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا داوای بە هاناوەچوونی و یارمەتیدانی تەلەعفەریان کرد، هەروەها داوای چەکیان کرد بۆ خەڵکی تەلەعەفەر، ئەوەی لە دەستمان هات بەپێی توانا درێخیمان نەکرد لە یارمەتیدانیان."
رۆڵی قاسم سولەیمانی لە بەرپەرچدانەوەی هێرشی داعش بۆ سەر هەولێر
بەرپرسانی باڵای ئێران چەند جارێک گوتوویانە قاسم سولەیمانی، رۆڵی هەبووە لەوەی کە شاری هەولێر نەکەوێتە دەست داعش.
سەرۆک بارزانی لەو بارەیەوە دەڵێت: "لەسەروبەندی هێرشی داعش بۆ سەر هەولێر، قاسم سولەیمانی بە تەلەفۆن پەیوەندیی پێوە کردم و پرسیاری بارودۆخ و پێویستییەکانی کرد. منیش لە وەڵامدا پێمڕاگەیاند: بارودۆخەکە مەترسیدارە، چونکە پێشمەرگە چەک و تەقەمەنی و کەلوپەلی پێویستی لەبەردەست نییە بۆ رێگەگرتن لە هەمەر و گولـلەنەبڕەکانی داعش، ئەگەر بکرێت گولـلەی ئارپیجیی دژە تانک و گولـلەی دۆشکەی تانکشێنمان بۆ بنێرن."
لەبارەی وەڵامی قاسم سولەیمانی بۆ داواکارییەکە، سەرۆک بارزانی نووسیویەتی: "قاسم سولەیمانی مەردانە بۆ بەیانییەکەی (8ی ئابی 2014) فڕۆکەیەک فیشەک و دۆشکە و گولـلەی ئارپیجیی گەیاندە هەولێر. ئەم هاوکارییە بووە هۆی راگرتنی هێرش و پێشڕەوییەکانی داعش لە میحوەری گوێڕ، کە هەڕەشەیەکی جددی بوو، دواتر قاسم سولەیمانی خۆی سەردانی کرد و دوو مەفرەزەی هاوەنهاوێژ و کاتیۆشایەکی (107)ی بۆ پاڵپشتی هێزەکانی پێشمەرگە هێنابوو، دوو کەسی هاوێنهاوێژەکانیان لەگەڵ پێشمەرگە لە بەرەی مەخموور شەهید بوون."
سەرۆک بارزانی سەبارەت بە قسەی بەرپرسانی ئێرانی کە دەڵێن، ئەگەر ئێران نەبووایە هەولێر داگیر دەکرا و قاسم سولەیمانی هەولێری رزگار کرد. دەنووسێت: "ئێمە ئەوکات سوپاسمان کردن و ئێستاش سوپاسیان دەکەین، چونکە بە راستی یارمەتییەکانیان لەو کات و ساتەدا هاوکارییەکی کاریگەر بوو، بەڵام پێویستە هەموو لایەک بزانن، ئەوە خوێنی پێشمەرگە بوو کە هەولێر و هەموو کوردستانی پاراست.. یارمەتییەکانی ئێرانیش جێی خۆیان گرت، بەڵام ناکرێت خەڵکانی تر لە واقیع دەربچن و واقیعەکە لەبەرچاو نەگرن، رۆڵی خۆیان دیار و بەرجەستە بکەن و رۆڵی پێشمەرگە کەم نیشان بدرێت، کە ئەمە بە هیچ شێوەیەک ئینساف نییە."
سولەیمانی ئامۆژگاریی یەکگرتووی کردووە لە گۆڕان جیاببێتەوە
بەگوێرەی نامەیەک بە دەستوخەتی مام جەلال، کە لە 21-4-2011 بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی ناردووە، باسی بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستانی تێدا کردووە.
لە باسی دۆخی هەرێمی کوردستان، مام جەلال لە نامەکەیدا دەڵێت: "پێم باشە چیدی خاو و شل نەبین لەگەڵ گۆڕان و ئیسلامییەکان- ئەوا تاقیکردنەوەی سولەیمانی دەریخست - شلی و خاوکردن چەند خراپ بووە و دەستکردنەوە چەند باش بوو. وەک زانیومە حاج قاسم سولەیمانیش وای نەسیحەتی سەلاحەدین بەهائەدینی کردووە کە هێور ببنەوە و خۆیان لە نەوشیروان جیا بکەنەوە. من خۆشم جوابم ناردبوو، هەر سێ (3) لایەنی (معارەزەکە) کە چیتر خۆمان پێ ناگیرێت و ئیتر دەست دەکەینەوە و خۆشتان دەزانن ی. ن. ک چۆن دەست دەکاتەوە."
سەرۆک بارزانیش هەر بە دەستوخەتی خۆی وەڵامی نامەکەی داوەتەوە و دەڵێت: "پێشەکی من دەمەوێ سوپاسی جەنابت بکەم بۆ ئەو هەڵوێستە راست و حاسمە، دەبووایە لە سەرەتا ئەو حەسمە ببا، چونکە ئەم سێ حیزبە دەیانەوێ حوکم وەربگرن و یەکێتی و پارتی هەر نەهێڵن. ئەگەر بە رێگەی یاسایی و دەستووری و بە هەڵبژاردن حوکم بگرنە دەست پیرۆزیان بێت، بەڵام بە زۆر و کودەتا بێگومان مافی پارتی و یەکێتییە بەرگری لە مافی خۆیان بکەن."
بۆچوونی سولەیمانی لەسەر موقتەدا سەدر
نازم عومەر دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 26-5-2012 نامەیەکی بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی ناردووە کە بارزانی لە کتێبەکەیدای بڵاوی کردووەتەوە. لە نامەکەدا نازم دەباغ باس لە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەیەکی ئەبو نەبیل (فەخری کەریم) لە تاران دەکات و لە چەند خاڵێک کۆی کردووەتەوە.
- حاجی زۆر بە جدی دەیەوێت ماوەی پێ بدرێت و کێشەکە (کێشەی مالیکی) چارەسەر بکرێت، دیارە ئەو ماوەیەی ئەو داوای دەکات سێ مانگە.
- دەستی لە موقتەدا شۆردووە و بڕوای پێ نەماوە و پێیوایە منداڵە و یارییەکی خەتەرناک دەکات بۆ خۆدەرخستن و هەمووان بە شوو دەدات تەنها خۆی دەربخات. نە مەرجەعیەتی شیعە و نە ئێران قبووڵیان نییە.
- داوا دەکات واز لە هاوپەیمانیی مالیکی بهێنن و قسە لەگەڵ هاوپەیمانیی شیعە بکەن، با هاوپەیمانیی شیعە ململانێ لەگەڵ ئەو کەسە بکات کە دەیکاتە سەرۆکی ئەنجوومەن.
- حەملەی راگەیاندن رابگرن.
- دەبێ هاوپەیمانیی شیعە ئەو رێککەوتنە واژۆ بکات کە لەگەڵتان واژۆیان کردووە.
- داوای کرد ئەبوو نەبیل نەخشە رێگەیەک بنوسێت لەسەر رۆشنایی قسەکانی کە کران، بەناوی دەستپێشخەری و دوا فرسەتی سەرۆککۆمار و باس لە خاڵە ناکۆکەکان و پێشنیارەکانی بکات و داوا بکات لە کاتێکدا لایەنە سیاسییەکان وەڵامی نەدەنەوە، ئەوە دەستلەکارکێشانەوەی لێ قبوڵ بکرێت.
- حاجی زەمانەتی وەڵامی لایەنەکانی شیعە و هاوپەیمانی بکات بە پابەندبوون بە جێبەجێکردنی دەستبەجێی رێککەوتننامەکان.
- ئەبو نەبیل پرۆژەکە بە زووترین کات ئامادە بکات و دوای گەڕانەوەی بۆ لای بەڕێز مام جەلال و کاک مەسعود لەلایەن ئەو بەڕێزانە رەزامەندی وەربگیرێت و بگەڕێتەوە لای حاجی.
- لەگەڵ حاجی و هاوپەیمانی وەڵامەکە ئامادە بکرێت و ئەوکات دوای راگەیاندنی دەستپێشخەرییەکەی مام جەلال دەستبەجێ لایەنەکانی دیکە وەڵامەکان رابگەیێنن.
نازم دەباغ هەر لە نامەکەیدا باسی لەوە کردووە کە حاجی زۆر بە جیددی دەبینێت لە:
1- دەیەوێت نەخشی کورد و مام جەلال و کاک مەسعود پایەدارتر بێت.
2- نەیەڵێت هاوپەیمانیی کورد و شیعە تێکبچێت، چونکە هەردوولا گرنگن بۆ ئێران.
3- نایەوێت پلانەکانی عێراقییە، عەللاوی، تورکیا، قەتەر و سعودیە سەر بکەون دژی شیعە.
4- دەیەوێ موقتەدا بچووک بکاتەوە و ئیشارەشی داوە کە خەڵکی قیادی لێی بووەتەوە.
5- بڕوای وایە هیچ یەک لەوانەی کورد موراهەنەی لەسەر دەکات، هیچ بۆ کورد ناکەن و هەندێکیان ناوێرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ