نوێنەری نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا دەستبەکاربوو

15-08-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دارەوان حاجی حامید، وەکو نوێنەری نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا دەستبەکاربوو و، دەڵێ لە دوو ساڵی دەستپێکی دەستبەکاربوونیدا دەیەوێت گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار بدات، کە دوو کەرتی گرنگی وڵاتی ئیسپانیان.
 
رۆژی سیشەممە 15-08-2023 حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێنەری نوێی بە ناوی دارەوان حاجی حامید لە ئیسپانیا دیاریکرد. لەبارەی دەستبەکاربوونییەوە، دارەوان حاجی حامید بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وڵاتی ئیسپانیا یەکێکە لە وڵاتە گرنگەکانی ئەوروپا، ئامانجی سەرەکیم پەرەپێدانە بە پەیوەندیی دووقۆڵیی هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا لە روانگەی پێشخستنی ئابووری، کەرتی کشتوکاڵ، کەرتی گەشتوگوزار و هاندانی کۆمپانیاکان بۆ هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان و بوژاندنەوەی کۆمپانیاکان لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە."
 
یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی دارەوان حاجی حامید، وەک نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، کە نوێنەرایەتییەکە لە ساڵی 2010ـەوە کراوەتەوە، دەستەخوشکیی نێوان شارەکانە، دارەوان لەوبارەوە دەڵێت، "دەستەخوشکیی نێوان مەدرید و هەولێر، جەرنیکا و هەڵەبجە یەکێکی دیکەیە لە ئامانجەکانم، لەگەڵ دەستەخوشکیی نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و زانکۆکانی ئەو وڵاتە."
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا دەڵێت، "ئامانجمە گرنگی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ بدەم لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەروەها کەرتی گەشتوگوزاریش، چونکە ئیسپانیاش ئەگەر لە پلەی یەکەم نەبێت ئەوە لە پلەی دووەمی ئەو وڵاتانەیە کە گەشتیاری زۆری بۆ دەڕوات، بۆیە مەبەستمانە گرنگی زیاتری پێبدەین."
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، هیواخوازە ئەو ئەرکەی پێی سپێدراوە لە ئاستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەدا بێت و دەڵێت، "دەمانەوێت کارێک بکەین، پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا بگەیێنینە قۆناخێکی نوێ."
 
دارەوان حامید غەفار، ناسراو بە دارەوان حاجی حامید، لە 8-07-1990 لە ناحیەی بیارەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە لەدایکبووە، دوای خوێندنی دیپلۆم بۆ خوێندنی بەکالۆریس، ماستەر و دکتۆرا رووی کردووەتە فەرەنسا، پاش تەواوکردنی خوێندنی بەکالۆریس و ماستەر لە بواری راگەیاندن لە فەرەنسا، ئێستا خوێندکاری دکتۆرایە لە زانستی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
 
دارەوان حامید غەفار، ساڵێک لە فەرەنسا لە قوتابخانەی بێلکۆم لە شاری لییۆن مامۆستای وانەبێژ بووە، لە 2018 بۆ 2022 کەسی یەکەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لێپرسراوی ناوەندی فەرەنسا بووە لەو وڵاتە، سەرۆکی دامەزراوەی (سەنتەری فەرەنسیی کورد) و نوێنەری دەرەوەی سەندیکای رۆژنامەنووسان بووە. چەندین خولی لە بواری دیپلۆماسی لە پەیمانگەی فۆرما یەک لە پاریس و جنێڤ بینیوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک بەڵگەفیلمی ''هەڵۆی بادینان''ـی نمایش کرد.

لە دهۆک بەڵگەفیلمی 'هەڵۆی بادینان' نمایش دەکرێت

تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک بەڵگەفیلمی ''هەڵۆی بادینان''ـی نمایش کرد کە باس لە ژیان و خەباتی پێشمەرگەیەکی شەهید دەکات؛ بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، ''گەلی کوردستان قەرزداری بوێری و گیانفیدایی شەهیدانن''.