پارتی: پێویستمان بە هەماهەنگیی زیاترە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەوڵی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان

15-08-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن پارتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی، رایگەیاند "پێویستمان بە هەماهەنگیی زیاترە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەوڵی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان".

 

ئەمڕۆ 15ـی ئابی 2023، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیێندراوێکی بەبۆنەی 77ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبەکەی بڵاوکردەوە، کە لە 16ـی ئابی ساڵی 1946 دامەزراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتیدا هاتووە "هەلومەرجی کوردستان بە قۆناخێکی هەستیار و پڕ ئەرکدا تێدەپەڕێت، کە چارەنووسی هەرێم و هاووڵاتییانی پێوە بەندە، بۆیە زیاتر پێویستمان بە هەماهەنگی و هاودەنگییە بۆ ئەوەی پارت و هێزە سیاسییەکان رۆڵی شیاوی خۆیان ببینن لە بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و دیپلۆماسییانەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی هەر هەوڵێک کە بە ئامانجی لاوازکردنی قەوارەی هەرێم و پێشێلکردنی دەستوور لەئارادا بێت."

 

سەبارەت بە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ "پشتیوانی لە فەرمانی هەرێمیی ژمارە 252ـی ساڵی 2023ـی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین بە دیاریکردنی رۆژی 25ـی شوباتی ساڵی 2024، وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان."
 
لەبەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەم هەڵبژاردنە متمانە و شەرعیەت بۆ دامەزراوەکانی کوردستان نوێ دەکاتەوە بە پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتێکی تازە، تا بونیادنانی دەستوورێکی سەردەمی بۆ هەرێمی کوردستان، کە حوکمڕانییەکی تۆکمەتری لێ بکەوێتەوە، هاوکات دەنگیشمان زوڵاڵتر دەکات لە عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی کوردستان."
 
ئەم پەیامانەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتێکدان دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق 30-5-2023 بڕیاری دا درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە، هەروەها هەموو بڕیارەکانی لە 6ـی 11ـی 2022 بەدواوە لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراون، "نایاسایی و نادەستوورین."
 
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشتر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو باسی لەوە کردبوو لە عێراق هەوڵێک هەیە بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکە ئێستا چڕتریش بووەتەوە. گوتیشی ئەوان ئەو ناکۆکییەی پارتی و یەکێتییان پێخۆشە، لەبەرئەوە دەبێ ئەم رێگەیەیان پێنەدرێت."

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێجیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خێزانی عەمید فەرهاد دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی عەمید فەرهاد دەکات

نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "هاوسۆز و هاوخەمیانم".