رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە کاژێر 9:23 بەیانی لە پێش ماڵی خۆیان لە گەڕەکی جووتیاران لە کەلار، چەند چرکەیەک لە دوای ئەوەی خۆی و یاوەرەکانی سواری ئۆتۆمبێلەکە دەبن، ئۆتۆمبی بەرپرسی لقی 22ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان دەتەقێتەوە و سکرتێر و شۆفێرەکەی بریندار دەبن.
سەروەت ئەحمەد، سکرتێری بەرپرسی لقی 22ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان بە رووداوی گوت: "وەڵڵا هەر یەک چرکە بوو کە سواری ئۆتۆمبێلەکە بووین هاتە دواوە و تەقییەوە. من لە پێشەوە بووم کاک ئەکرەم لە پشتی منەوە بوو، هەردوو دەرگەی دواوە قوفڵ بوون. کاک ئەکرەم لە پێشەوە لای شۆفێرەکە خۆی رزگارکرد."
بەهۆی رووداوەکەوە زیان بەر پەنجەرە و ماڵی ئەکرەم ساڵح و ماڵی دراوسێکانی کەتووە.
نورەدین کەریم، دراوسێی ماڵی بەرپرسی لقی 22 پارتی دەڵێت: "هاتمە ناو حەوشەوە سەیر دەکەم جام بە ماڵمانەوە نەماوە، وامزانی بومەلەرزە و شت بووە، ئۆتۆمبێلەکەم لە دەرەوەیە، جام بە ماڵمانەوە نەمابوو. پارچە بەر ماڵمان کەوتبوو."
ئەکرەم ساڵح کە تەندروستیی باشە و زیانی پێنەگەییشتووە، دەڵێت رووداوەکە "تیرۆریستی" بووە و ئامانجەکە ئەو بووە.
بەرپرسی لقی 22ـی پارتی لە گەرمیان دەڵێت: "کردەوەیەکی تیرۆریستی بوو، چونکە هەموو ئاماژەکان ئەوە بوون چاودێریی من کرابوو، چونکە پێشتر ئۆتۆمبێلەکەم لە حەوشە بوو. شۆفيرەکە هێنایە دەرەوە، نزیکەی چارەکێک لە دەرەوە بوو کە ئۆتۆمبێلەکەم جووڵا تەقییەوە."
پۆلیس و ئاسایشی گەرمیان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەو بارەوە نەداوە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە دوای سەردانی ئەو بەرپرسە حیزبییە رایگەیاند لایەنە ئەمنییەکانیان راسپرادووە "تۆمەتباران" ئاشکرا بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ