خوێندنی باڵا: دابەشکردنی پاڵپشتیی دارایی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان دەستپێدەکات

15-07-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی خوێندنی باڵا و تووێژینەوەی زانستی رایگەیاند، لە سبەیەوە دەست بە دابەشکردنی پاڵپشتیی دارایی خوێندکاران و قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکرێت.
 
رۆژی شەممە، 15-07-2023، وەزارەتی خوێندنی باڵا و تووێژینەوەی زانستی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: " ئەمڕۆ د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا لەگەڵ د. ماکوان جەمیل مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی هەرێم/سلێمانی کۆبووەتەوە و گفتوگۆیان لەسەر پرسە داراییەکان و خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان کردووە."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا لە سبەیەوە دەست بە دابەشکردنی پاڵپشتیی دارایی قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بکرێت. 
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان دەڵێت، د. ئارام محەممەد و بەڕێوەبەری گشتی بانکی هەرێم/سلێمانی "جەختیانکردەوە لە کاری پێکەوەیی و هاوبەش لەپێناو تێپەراندنی کوسپ و گرفتەکان".
 
بڕیاری دابەشکردنی پاڵپشتیی دارایی خوێندکاران لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە، 12-07-2023، زانکۆی سەلاحەدین راگەیێندراوێکی لەبارەی پاڵپشتیی دارایی خوێندکارانی زانکۆکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە ژێر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەدواداچوونی پ.ی.د. کامەران یونس محەممەد ئەمین، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین، دەرماڵەی چوار مانگی قوتابییان بۆ ساڵی خوێندنی 2022 و 2023 بەیەکەوە دابەشدەکرێت."
 
دکتۆر کامەران یونس محەممەد ئەمین، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بە رووداوی گوت، دەرماڵەی مانگەکانی 10، 11 و 12ـی 2022، هەروەها مانگی کانوونی دووەمی 2023 بەیەکەوە خەرج دەکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە 13-07-2023 د. داود ئەترووشی، سەرۆکی زانکۆی دهۆک بە رووداوی گوت، داوای خەرجکردنی دەرماڵەیان کردووە، بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێک لەوبارەوە نەدراوە و "پارەی پێویست" لەبەردەستی زانکۆ نییە بۆ دابەشکردنی دەرماڵەی چوار مانگ. 
 
هاوکات، فەرهاد قادر، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان 13ـی ئەم مانگە بەرووداوی گوت: "بڕیار بۆ خەرجکردنی دەرماڵە دەرکراوە و چەکی بانکیش ئامادەیە، چاوەڕێی سیولەن لە بانکەکان بۆ ئەوەی پارەکە خەرجبکرێت".
 
د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بە رووداوی گوت: "هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ ئەوەی دەرماڵە دابەشبکرێت، بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەیە بۆ خەرجکردنی دەرماڵە کە لە رابردوو دەرکرا، بەڵام تائێستا کەس نازانێت بەغدا پارە دەنێرێت یان نا بۆیە ئێستا پێشینە بۆ دابینکردنی مووچەیە و پارەی پێویست نییە بۆ خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکاران".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک بەڵگەفیلمی ''هەڵۆی بادینان''ـی نمایش کرد.

لە دهۆک بەڵگەفیلمی 'هەڵۆی بادینان' نمایش دەکرێت

تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک بەڵگەفیلمی ''هەڵۆی بادینان''ـی نمایش کرد کە باس لە ژیان و خەباتی پێشمەرگەیەکی شەهید دەکات؛ بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، ''گەلی کوردستان قەرزداری بوێری و گیانفیدایی شەهیدانن''.