رووداو دیجیتاڵ
ئەو لێژنەیەى سەردانى کەرکووکى کرد بۆ چارەسەرى کێشەى زەوییە کشتوکاڵییەکانى سەرگەڕان، رێککەوتن جووتیارانى کورد دروێنە بکەن. لە شەش مانگیشدا کێشەى مۆڵکدارى و قەرەبووکردنەوەى زەوییەکان یەکلا بکرێتەوە.
سەباح جەبیب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و ئەندامى لێژنەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "گەیشتینە رێککەوتن لەسەر ئەوەى جووتیارانى کورد دروێنە بکەن. لە شەش مانگدا کێشەى خاوەندارێتى ئەو زەویانە یەکلابکرێتەوە، ئەویش لە رێگەى هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکانى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕش".
پەرلەمانى عێراق لە 9ى ئایار خوێندنەوەى دووەمى بۆ پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەى ئەو موڵکانە بۆ خاوەنەکانیان کرد، کە بە هەشت بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە، دەستیان بەسەردا گیراوە.
بەهۆى ناکۆکى لەسەر خاوەندارێتیى ئەو زەوییانە، رێگە نەدرا جووتیارانى کورد لە پێنج گوندى سنوورى ناحیەى سەرگەڕان دروێنەى گەنمەکانیان بکەن، لەکاتێکدا لە 10ى ئایارەوە وەرگرتنى گەنمى ئەمساڵی پارێزگای کەرکووک دەستیپێکردووە.
سەباح حەبیب گوتى: "رێککەوتین زەویی جووتیارانى کورد لە رێگەى هەڵوەشاندنەوەى ئەو بڕیارانەوە بگەڕێندرێتەوە و ئەو عەرەبانەى لەسەر زەوییەکانیان بوون قەرەبوو بکرێنەوە. هەر عەرەبێکیش توانى بیسەلمێنێت کە سەرژمێرى 1957ى کەرکووکە زەوییەکانیان بەدەستەوە دەمێنێتەوە".
پڕۆژەیاساى قەرەبووەکە ئەو بڕیارانە دەگرێتەوە کە لە نێوان ساڵانى 1975 بۆ 1979 زەوى جووتیارانی کورد و تورکمانى پێ داگیرکراوە.
کەریم شوکر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق کە یەکێکى دیکەیە لە ئەندامانى لێژنەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "بەگوێرەى رێککەوتنەکە لەو شەش مانگەدا تاوەکو ئەو پرسە یەکلا دەکرێتەوە، جووتیارانى کورد زەوییەکان ناکێڵن، لێژنەکەشمان راپۆرتێک بۆ لایەنە پەیوەندارەکان لە بەغدا بەرز دەکاتەوە".
ئەو لێژنەیەى بۆ چارەسەریى ئەو کێشەیە پێکهێندرا، پێکھاتبوون لە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق و چەند پەرلەمانتارێک و راکان جبوورى، پارێزگارى کەرکووک بە وەکالەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ