رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان دەستپێبکاتەوە و لە قۆناخی یەکەمدا کۆمپانیای جێبەجێکار پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ خەرج دەکرێت.
رۆژی دووشەممە، 15-04-2024، سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رۆژی شەممە، 13ـی مانگ کۆمپانیای ئارکیتێکت لەژێر چاودێریی قایمقامییەت و نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران گرێبەستی خەرجکردنی پارەی لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان واژۆکرد.
قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، بەگوێرەی گرێبەستەکە بڕیارە پێنج ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار خەرجبکرێت کە لە 1ـی ئایارەوە دەستپێدەکات و لە ماوەی پێنج مانگدا تەواو دەبێت و هەر مانگێک یەک ملیۆن دۆلار بە کۆمپانیاکە دەدرێت.
رۆژی 6ـی شوباتی 2023، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی زەوییەک بە 20 ملیۆن دۆلار دا بۆ ئەوەی بەشێک لەو پارەیە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان خەرجبکرێت، بەڵام کۆمپانیای جێبەجێکار زوو دەستی بە کار نەکرد، چونکە لەسەر میکانیزمی خەرجکردنی پارەکە نەگەیشتنە رێککەوتن.
قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان جگە لە خەرجکردنی ئەو پێنج ملیۆن دۆلارە، چوار ملیار دیناریشی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ خەرج دەکرێت.
بەگوتەی قایمقامی شارەکە، رۆژی پێنجشەممە ئەو کۆمپانیایە کە پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخانی لە ئەستۆگرتووە دەست بەکارەکانی دەکات.
هێمن سلێمان، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مامەڵە لەگەڵ نووسینگەی کاک قوباد دەکەین و بڕیارە کۆمپانیای ئارکیتێکت لەژێر چاودێری ئەواندا بڕی پێنج ملیۆن دۆلارمان بۆ خەرجبکەن؛ بۆیە پێنجشەممە دەست بەکارەکان دەکەینەوە".
قەزای دەربەندیخان گرفتی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی هەیە و بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکەش لە ساڵی 2013 بەردی بناخەی پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان دانرا، بەڵام بەهۆی نەدانی پارەوە کۆمپانیای جێبەجێکار کارەکانی راگرت.
پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان تائێستا نزیکەی 60٪ ـی کارەکانی تەواو بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ