رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا دەڵێت، ئامەد شوێنێکی گرنگی نەوتە بۆ ئەوان و رۆژانە لەو پارێزگایەدا نزیکەی 15 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئاداری 2024 سەردانی پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستانی کرد.
بایراکتار باسی لەوە کرد، لە ناوچەکانی گابار، کاتۆ و بەستا دەستیان بە گەڕان بە دوای نەوتدا کردووە و گوتی، "دیاربەکر شوێنێکی گرنگی نەوتە بۆ ئێمە. رۆژانە نزیکەی 15 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنین. بەهیوای ئەوەی بە دۆزینەوە نوێیەکان ئەم ئاستە زیاتر بکەین."
لەبارەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە تورکیا، بایراکتار گوتی: "ئێستا لە ماڵەکاندا دەستمان کردووە بە بەکارهێنانی گازی سرووشتیی خۆمان کە لە کێڵگەی گازی ساکاریا لە دەریای رەش بەرهەمی دەهێنین. بە دۆزینەوە نوێیەکان و گەڕان بەدوای نەوتی نوێدا، تورکیا لە بواری وزە سەربەخۆ دەکەین".
بەگوێرەی بڕیارێک، کە هەینیی رابردوو لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، مۆڵەتی گەڕان بەدوای نەوت لە کێڵگەکانی سنووری پارێزگاکانی ئامەد و رووهای باکووری کوردستان و کرکڵارئەلی و ئەدیرنەی تورکیا بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژکراوەتەوە.
بەپێی بڕیارەکە؛ ماوەی کارابوونی مۆڵەتی کارپێکردنی نەوتی کێڵگەی 45 هەزار و 783 هێکتاری ئامەد و رووها لە 30ـی کانوونی یەکەمی 2023 بە مەبەستی دیاریکردنی توانای هایدرۆکاربۆنی ناوچەکە و هێنانی بۆ ناو ئابووریی وڵات، بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژکراوەتەوە.
پێشتر کۆمپانیای نیشتمانیی وەبەرهێنانی نەوتی تورکیا لە چەند شوێنێکی دیکەی باکووری کوردستان لە نزیک سنوورەکانی باکوور و باشووری کوردستان دۆزینەوەی نەوتی راگەیاندبوو، بەتایبەتی لە شرناخ، باتمان، سێرت، جۆلەمێرگ و ئامەد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ