رووداو دیجیتاڵ
لە شاری مەڵەتیی باکووری کوردستان دانیشتنێکی دیکەی دادگە لەبارەی دۆسیەی هێرشکردنە سەر خێزانی شەنیاشار بەڕێوەدەچێت. لەو هێرشەکەدا کە ساڵی 2018 لە نەخۆشخانەی رووها کرا، ئەسوەد شەنیاشار و عادل شەنیاشاری کوڕی کوژران.
دانیشتنەکە کاژێر 10:30 خوولەکی ئەمڕۆ هەینی 15ی ئاداری 2024 لە سێیەمین دادگەی سزا قورسەکانی مەڵەتی دەستپێدەکات.
ئەمینە شەنیاشار و فەرید شەنیاشاری کوڕی، کە ئێستا پەرلەمانتاری دەم پارتییە، لە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانەوە (11ی ئاداری 2024)، لەبەردەم باڵەخانەی وەزارەتی دادی تورکیا لە ئەنقەرە ئێشکگری دادپەروەرییان دەستپێکردووە.
ئەمینە شەنیاشار رایگەیاندووە، ئەگەر کوڕەکەی لەم دانیشتنەدا ئازاد نەکرێت، ئەوا درێژە بە چالاکییەکەی دەدات.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رۆژی پێنجشەممە 14ی ئاداری 2024 لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بنەماڵەی شەنیاشارەوە کرد و زانیاری لەسەر پرۆسەی یاسایی دۆسیەکە وەرگرت، ئۆزەل هەروەها پێی راگەیاندوون بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەیان لە دادگەی مەڵەتی دەکات.
بارۆی رووها (سەندیکای پارێزەرانی رووها) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، بەمەبەستی پاڵپشتی یاسایی لە خێزانی شەنیاشار، رۆژی 15ی ئەم مانگە لە شاری مەڵەتی دەبن و چاودێری پرۆسەکە دەکەن، هەروەها داوا لە خەڵکی دەکەن پشتیوانی لە خەباتی ئەمینە شەنیاشار بکەن بۆ دادپەروەری.
رۆژ 14ی حوزەیرانی 2018 کاتێک ئیبراهیم خەلیل یڵدز پارلەمانتاری ئاکپارتی لە شارۆچکەی سرووچ سەر بە پارێزگای رووها بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە گشتییەکانی 24ی حوزەیرانی 2018 سەردانی دووکاندارانی کرد، لە دووکانی خێزانی شەنیاشاردا شەڕ و دەمەقاڵێ لەنێوان کەسوکاری ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی و ئەندامانی خێزانی شەنیاشار روویدا.
برای ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی لەگەڵ یەکێک لە کوڕەکانی ئەسوەد شەنیاشار لە شەڕەکەی نێو دووکانی خێزانی شەنیاشاردا کوژران.
دواتر کاتێک ئەمینە شەنیاشار و ئەسوەد شەنیاشار بۆ بینی کوڕە بریندارەکەیان چوونە نەخۆشخانەی دەوڵەت لە رووها، کەسوکاری ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی بە چەک هەڵیانکوتەسەر نەخۆشخانەکە. ئەسوەد شەنیاشار و عادل شەنیاشاری کوڕی لە نێو نەخۆشخانەکەدا کوژران.
لە رووداوەکانی ئەو رۆژەدا 4 کەس کوژران و 8 کەسیش لە هەردوولا بریندار بوون. سێ لە کوژراوەکان لە خێزانی شەنیاشارن.
ئەمینە شەنیاشار، کە هاوژینەکەی و دوو کوڕی لە رووداوەکەدا کوژران، لەگەڵ فەرید شەنیاشاری کوڕی، کە لە هێرشەکەدا رزگاری بوو، زیاتر لە پێنج ساڵە دەستیان بە چالاکی مانگرتن کردووە.
ئەمینە شەنیاشار دەڵێت، کەسوکاری ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی هەردوو کوڕەکەی و هاوژینەکەیان کوشتووە و هەڵیانکوتاوەتە سەر نەخۆشخانەوە بەڵگەکانیان لەناوبردووە و تۆمارەکانی کامێرای چاودێرییان سڕیوەتەوە، هەروەها داوای ئازادکردنی فازل شەنیاشاری کوڕی دەکات، کە لە رووداوەکەدا بریندار بوو و لە رۆژی 17ی حوزەیرانی 2018 دەستبەسەرکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ