رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان لە ماوەی یەک هەفتەدا 1533 کۆچبەری نایاسایی و 24 کەسیش بە تۆمەتی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەرانەوە دەستبەسەرکران.
بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگای وان، کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەرانەوە سەر بە فەرماندەیی جەندرمەی وان، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا کە لە رۆژانی 7-13ی ئادار کردوویانە، 1530 کۆچبەری ئەفغانی، دوو کۆچبەری تورکمەنستان و کۆچبەرێكی ئێرانیان دەستبەسەرکردووە.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکاندا دەست گیراوە بەسەر 24 کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەران، لەگەڵ دەستگرتن بەسەر 9 ئۆتۆمبێل کە لە گواستنەوەی کۆچبەرە نایاساییەکاندا بەکارهێندراون.
دوای گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان، کۆچبەرە دەستبەسەرکراوەکان رادەستی فەرمانگەی کۆچی پارێزگای وان کراون.
کۆچی نایاسایی ئەفغانییەکان بۆ تورکیا نوێ نییە، بەڵام دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە، کۆچی بەکۆمەڵی ئەفغانییەکان زیادی کردووە.
هەرچەندە تورکیا سنوورەکانی خۆی بە دروستکردنی دیواری کۆنکرێتی تووندوتۆڵ کردووە، بەڵام پەڕینەوەی کۆچبەری ئەفغانی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەردەوامە و رۆژانە دەیان کۆچبەر دوای پەڕینەوەیان لە سنوور لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای وان دەستبەسەردەکرێن.
تورکیا کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 84 ملیۆن کەسە، میوانداری نزیکەی پێنج ملیۆن کۆچبەر و پەنابەری کردووە، 3.7 ملیۆنی ئەو کۆچبەرانە خەڵکی سووریان و رۆژئاوای کوردستانن، 420 هەزار کۆچبەریش لە ئەفغانستانەوە چوون. بەگوێرەی چەند راپرسییەکی ئەمدواییە، نزیکەی 85%ی خەڵک لە تورکیا نیگەرانن لە چوونی پەنابەرانی ئەفغانی بۆ وڵاتەکەیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ