رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سامانەسرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو دوێنێ نزیکەی 250 ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر هاووڵاتییان دابەشکردووە و حکومەتی عێراقیش نزیکەی 33 ملیۆن لیتر نەوتی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە کە 220 هەزار خێزان لێی سوودمەندبوون.
رۆژی پێنجشەممە، 15-02-2024، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماری دابەشکردنی نەوتی لەپارێزگاکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو 14ـی شووباتی ئەم ساڵ نزیکەی 250 ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر هاووڵاتییان دابەشکردووە، بەشێوەیەک لە هەولێر؛ نزیکەی 96 ملیۆن لیتر؛ سلێمانی و هەڵەبجە، نزیکەی 102 ملیۆن لیتر و لە دهۆک نزیکەی 52 ملیۆن لیتر نەوت دابەشکراوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتیی سامانە سرووشتییەکان تائێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 248 هەزار خێزان لە وەرگرتنی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوودمەندبوونە کە دەکاتە زیاتر لە 96٪ـی کۆی ژمارەی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان، بەمشێوەیە هەولێر نزیکەی 100٪؛ سلێمانی و هەڵەبجە: نزیکەی 97٪ و دهۆک زیاتر لە 92٪.
ئەم ساڵ جگە لە دابەشکردنی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراقیش بڕیاریدا قۆناخ بە قۆناخ بەشە نەوتی هەرێمی کوردستانی بنێرێت. وەزارەتی سامانە سرەوشتییەکان دەڵێت، تاوەکو دوێنێ چوارشەممە 14ـی ئەم مانگە حکومەتی عێراق نزیکەی 33 ملیۆن لیتر نەوتی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە و 220 هەزار خێزان لێی سوودمەندبوون.
دابەشکردنی نەوتی حکومەتی عێراق بەسەر پارێزگاکان بەمشێوەیە بووە:
- هەولێر: زیاتر لە 14 ملیۆن لیتر
- سلێمانی و هەڵەبجە: نزیکەی 11 ملیۆن لیتر.
- دهۆک: نزیکەی هەشت ملیۆن لیتر
ئەو خێزانانەی لە نەوتی حکومەتی عێراق سوومەندبوون:
- هەولێر: زیاتر لە 94 هەزار خێزان
- سلێمانی و هەڵەبجە: نزیکەی 50 هەزار خێزان
- دهۆک: زیاتر لە 76 هەزار خێزان
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەر بەرمیلێک نەوت کە 200 لیتر بێت، 104 هەزار دینار لە هاونیشتمانییان وەردەگرێت، کە چوار هەزاری بۆ کرێی گواستنەوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ