کڕینی دۆلار لە فڕۆکەخانەی هەولێر؛ زۆربەی گەشتیاران "تەنیا بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دۆلار" تیکیت دەکڕن

15-02-2023
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
لە فڕۆکەخانەی هەولێر شەڕ لەنێوان چەند گەشتیارێک روویدا
لە فڕۆکەخانەی هەولێر شەڕ لەنێوان چەند گەشتیارێک روویدا
نیشانەکردن دۆلار دینار فڕۆکەخانە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئەمڕۆ دیمەنێکی نامۆی بەخۆیەوە بینی، لەبەردەم بنکەی ئاڕ-تی بانکی فڕۆکەخانەکە شەڕ لەسەر نۆرەی کڕینی دۆلار بە نرخی 100 دۆلار بە 132 هەزار دیناری عێراقی، روویدا.
 
رۆژی دووشەممە 13ـی شوباتی 2023 بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا لە فڕۆکەخانە هەر 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار بفرۆشرێت، هەر گەشتیارێکیش بتوانێت تاوەکو 7000 هەزار دۆلار بکڕێت. بەشێکی گەشتیاران تەنیا بۆ کڕینی 7000 دۆلارەکە بە بەهای 132 هەزار، دەیانەوێ گەشت بکەن.
 
عەبدوڵڵا سابیر، خاوەن کۆمپانیای بواری فڕۆکەوانی دەڵێ  "دەتوانین بڵێین 90٪ـی (گەشتیارەکان) ئەو ئامانجەیان هەیە. لە تەلەفۆن پێماندەڵێن کە دەمانەوێ گەشت بکەین لەبەرئەوەی پارە بگۆڕینەوە، دەمانەوێ سوودمەندبین. بەڵام تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون و ناچارن گەشتیش بکەن، چونکە تیکتەکەیان دەسووتێت. ئەم بڕیارە بۆ بازرگانان باش بوو، بەڵام بەداخەوە گەشتیاران وایانکردووە کە ئەوانیش سوودمەند نەبن''.
 
زۆربەی گەشتیاران بۆ ئەوەی تێچووی تیکتەکەیان کەم بێت، گەشت بۆ فڕۆکەخانەی سەبیحە دەکەن، تێچووی چوون و هاتنەوەیان لەنيوان 175 تاوەکو 200 دۆلارە.
 
ئەحمەد قاسم، بەرپرسی بەشی فرۆشتن لە کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی لە هەولێر باسی ئەوە دەکات ''هەبووە کە چووەتە فڕۆکەخانە، نەیتوانیوە پارەکەی بگۆڕێتەوە، تەلەفۆنی کردووە و گوتوویەتی من گەشت ناکەم، هەوڵبدەن تیکتەکەم بگۆڕن یان کانسڵی بکەن، چونکە مەبەستی من تەنیا گۆڕینی پارە بووە. لەوانەیە لەیەک رۆژدا نزیکەی 400 کەس تەنیا بە فڕۆکەی ئیستەنبووڵ ویستبێتیان ئەو پرۆسەیە ئەنجام بدەن''.
 
بڕیاری گۆڕینی پارە لە دینارەوە بۆ دۆلار، گەشتیارانی وڵاتانی ئێران، سووریا، لوبنان و کوریای باکوور ناگرێتەوە.
 
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گوتی "زۆر عومرەکار هاتووەنەتە فڕۆکەخانە و دەڵێن دوێنێ لە فڕۆکەخانە پارەیان بۆ ئێمە نەگۆڕیوەتەوە، بەڵام ئێمە پەیوەندیمان بە ئاڕ-تی بانکەوە کردووە و گوتیان بە نووسراوی فەرمی هاتووە بۆ عومرەکار 3000 تاوەکو 3500 دۆلار بۆیان دەگۆڕنەوە و، گەشتیارەکانی دی تاوەکە 7000 دۆلار''.
 
هەر گەشتیارێک بیەوێت پارە بگۆڕێتەوە، مانگی جارێک دەتوانێت 7000 دۆلار وەربگرێت. ئێستاش بەهۆی زۆریی خواست، پرۆسەی دابەشکردنی لەلایەن بانکەوە لە فڕۆکەخانە پەکی کەوتووە.
 
هەرکەسێک بیەوێت لە فڕۆکەخانە 7000 دۆلار بگۆڕێتەوە، دەبێت 9 ملیۆن و 240 هەزار دینار بدات، بەڵام بۆ هەمان بڕە پارە لە دەرەوە، بە نرخی 154 هەزارە و دەبێت 10ملیۆن و 780 هەزار دینار بدات، واتا یەک ملیۆن و 540 هەزار دینار جیاوازییەکەتی، هەر ئەمەش وایکردووە گەشتیارێکی زۆر بەمەبەستی گەشتکردن روو لە فڕۆکەخانەی هەولێر بکەن.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەیان گەنج لە بازاڕی گەنجان بەرهەمەکانیان نمایش کرد.

200 گەنج لە بازاڕی گەنجانی هەولێر بەرهەمەکانیان نمایش کرد

ئیلاف کچێکی 21 ساڵانە، لەگەڵ ئەوەی خاوەن پێداویستیی تایبەتە، بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن داهاتی خۆی، دەستی داوەتە کاری دەستی و کەلوپەلەکانی لە بازاڕی گەنجان نمایشکرد.