رووداو دیجیتاڵ
نرخەکانی نەوت گەیشتنە بەرزترین ئاستی دوو هەفتەی رابردووی خۆیان، دوای زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و رۆژئاوا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، هەروەها پەرەسەندنی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا.
ئەمڕۆ (دووشەممە، 25-11-2024) یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 13 سەنتی دیکە بەرزبووەوە و بە 75 دۆلار و 30 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 14 سەنت بەرزبووەوە و بە 71 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخەکانی نەوت هەفتەی رابردوو بەهۆی زیادبوونی شەڕ و گرژییەکانی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، هەروەها هەڕەشەی رووسیا بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی، بەرێژەی 6٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆیەوە بینی بوو.
دانیێل هاینێس، سەر بە بانکی ئۆسترالیی نیوزلاندی لەو بارەیەوە رایگەیاند، "شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا گەیشتووەتە قۆناخێکی مەترسیدار، لەبەرئەوەش نیگەرانی لەسەر پچڕانی گواستنەوەی نەوت دروستبووە."
لەلایەکی دیکەوە ئێران رایگەیاند یۆرانیۆمی زیاتر دەپیتێنێت لە وەڵامی بڕیارێکی ئاژانسەکە دژی بەرنامەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە.
ڤیڤیک زار، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە بانکی ئۆسترالیا لەمبارەیەوە رایگەیاند، خێراکردنی پرۆسەی پیتاندنی یورانیۆم لەلایەن ئێرانەوە بەئەگەری زۆرەوە ئیدارەی نوێی ئەمریکا ناچاردەکات گەمارۆی نوێی ئابووری بخاتە سەر کەرتی نەوت و گازی ئەو وڵاتە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر نرخەکانی نەوت دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ