رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت رۆژی هەینی لەکاتی داخستنی بازاڕەکاندا بە ریژەی 1% بەرزبووەوە، بەپێی شرۆڤەکاران هۆکاری بەرزبوونەوەکەی بۆ تووندبوونەوەی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەگەڕێتەوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور لە دوا ساتەکانی بازاڕ رۆژی هەینی 94 سەنت بەرزبووەوە و بە 75 دۆلار و 17 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش دۆلارێک و 14 سەنت بەرزبووەوە و بە 71 دۆلار و 24 سەنت کڕین و فرۆشتنی پێوەکرا.
نرخی نەوتی برێنت و تەکساس لە ماوەی یەک هەفتەدا بە رێژەی 6% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، دوای ئەوەی ئۆکراینا بە مووشەکی دوورمەودای ئەمریکی و بەریتانی هێرشی کردەسەر رووسیا.
ئۆلی هانسن، شرۆڤەکاری سەر بە (ساکسۆ بانک)ی دانیمارکی لەو بارەیەوە رایگەیاند، "توندبوونەوەی شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا مەترسی جیۆسیاسی گەورەی دروستکردووە، کە زیاترە لە مەترسی تەشەنەکردنی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران."
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاندووە، "لە وەڵامی هێرشەکانی ئۆکراینا بەردەوام دەبێت لە تاقیکردنەوە و بەکارهێنانی مووشەکی هایپەرسۆنیک لە دژی ئۆکراینا."
جۆن ئیڤانس، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (پی ڤی ئێم) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بازاڕی نەوت نیگەرانە لە ئەگەری هێرشکردنەسەر دامەزراوە نەوتییەکانی رووسیا، ئەگەر هاتوو شەڕی مووشەکیی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بەردەوام بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ