لە کاتی داخستنی بازاڕدا بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە

18-10-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
نیشانەکردن دینار نرخی دینار و دۆلار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی ئەمڕۆ بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە، لە کاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 160 هەزار و 100 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر ئێوارەی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراوی هەولێر، 100 دۆلار بە 161 هەزار دینار بوو، دواتر 100 دۆلار بە 159 هەزار و 600 دیناریش مامەڵەی پێوەکرا.
 
بە گوتەی حاجی سابیر، لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بە 160 هەزار و 100 دینار مامەڵەی پێوەکرا. 
 
حاجی سابیر دەڵێت، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای دینار، گوتەکانی عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندییە بەوەی دەروازەکانی فرۆشتنی دۆلار زیاد دەکەن.
 
هاوکات، جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی ک
ردنەوەی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، 100 دۆلار بە 161 هەزار دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بە 160 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی هەینی، 6-10-2023 بەهۆی دەنگۆی کەمکردنەوەی ناردنی دۆلار لە ئەمریکاوە بۆ عێراق، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و 100 دۆلار گەیشتە 164 هەزار دینار، بەڵام رۆژی دووشەممە، 16-10-2023 بەهای دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 157 هەزار و 700 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
بە بڕوای جەبار گۆران، دابەزینەوەی ئەمدواییەی بەهای دینار و گەیشتنەوەی 100 دۆلار بە ئاستەکانی 160 هەزار دینار، ریتێست (خۆڕاستکردنەوەیە).
 
گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دەشڵێت، ئەگەر رێکارەکانی بانکی ناوەندی وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دینار دەبێت. گوتیشی، ئێستا گۆڕانکارییە ناوچەییەکان و شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس کاریگەریی هەیە و خەڵک زیاتر دینار دەکات بە دۆلار.
 
هەڵبەز و دابەزی ئەمدواییانەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لەکاتێکدایە، ئەم هەفتەیە بانکی ناوەندیی عێراق فرۆشی دۆلاری بەشێوەی نەخت زیادکردووە.
 
ئەمڕۆش بانکی ناوەندیی عێراق 194 ملیۆن و 877 هەزار و 790 دۆلاری خستەڕوو؛ لەو بڕە 44 ملیۆن و 63 هەزار و 900 دۆلاری بە کاش و، 150 ملیۆن و 813 هەزار و 890 دۆلاریشی بەشێوەی حەواڵە بوو. 
 
لە کاتێکدا لە بازاڕەکاندا 100 دۆلار بە زیاتر لە 160 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکریت، رۆژانە بانکی ناوەندیی عێراق 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام فرۆشتنەکەی سنووردارە و زۆرینەی بۆ حەواڵەیە و نایەتە نێو بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە.
 
دوێنێ سێشەممەش، عەلی عەللاق پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق رایگەیاند، دزەپێکردنى دۆلار بۆ وڵاتانى دراوسێ و کۆنترۆڵنەکردنى تەواوەتى دەروازەکان، هۆکارى ناجێگیرى بەهاى دینارە بەرامبەر بە دۆلار.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە