مەسرور بارزانی دەڵێت وەستانی هەناردەی نەوت بووەتە هۆی دواکەوتنی مووچە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا، 20 ملیار دۆلار زیانی بە داهاتی هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە. 
 
مەسرور بارزانی، رۆژی شەممە لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دهۆک گوتی "نزیکەی هەموو مانگێک، ئێمە یەک ملیار دۆلار لەدەستدەدەین، واتە کۆی گشتی زیاتر لە 20 ملیار دۆلارمان لەدەستداوە لە ئەنجامی وەستانی هەناردەی نەوتی کوردستان. بەداخەوە ئەمە زیان بە هەموو وڵاتەکە دەگەیێنێت. بەڵام بێگومان، ئەو بەشەی وڵات کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، کوردستانە."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتی "بەداخەوە ئەو زیانانەی بەرمانکەوتوون، قەرەبوو نەکراونەتەوە، بۆیە دەبینین مووچە دوادەکەوێت، دەبینی داهاتی عێراق بەگشتی کەمبووەتەوە، کە ئەوە لە بەرژەوەندیی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانیشدا نییە."
 
هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری کەرکووک، لە 25ـی ئادارى 2023ـوە لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا وەستاوە، ئەوەش لە ئەنجامی بڕیاری دادگەیەکی ناوبژیوانیی پاریس کە هەناردەکردنی نەوتەکەی بێ رەزامەندیی بەغدا لە لایەن ئەنقەرەوە بە نایاسایی دانا. 
 
بەربەستی سەرەکیی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەکە رێککنەکەوتنی بەغدا و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانە لەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان. 
 
لە گرێبەستی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، تێچووەکە بە سەرووی 26 دۆلار دانراوە، بەڵام لە یاسای بودجەی عێراقدا بە 8 دۆلار دیاریکراوە. 
 
سەرەتای ئەم مانگە، حکومەتی عێراق نیازی خۆی ئاشکرا کرد کە پێشنیازێکی پێشكێش بە پەرلەمانی عێراق بکات بۆ ئەوەی یاساکە لەسەر تێچووی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک هەمواربکاتەوە. هێشتا دیار نییە کەی پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە