رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کۆبوونەتەوە. ئەندامێکی شاندەکە دەڵێت، سەرۆکی دادگە گوتی "دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت".
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بووە، بە رووداوی گوت، بە سەرۆکی دادگەی فیدراڵیی گوتووە کە وەزیری دارایی عێراق ئامادە نییە پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی 10، 11 و 12 خەرج بکات.
بەگوتەی سۆران عومەر، سەرۆکی دادگەی فیدراڵی لە کۆبوونەوەکە گوتوویەتی: "دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت و نابێت هیچ مووچەیەکیان بفەوتێت".
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ دووشەممە، 25-11-2024، لە بەغدا کراوە. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتیی شاندی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی کردووە. کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
وەکو سۆران عومەر باسی کرد، جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگە بۆ چارەسەری کێشەی مووچە گوتوویەتی: "پێویستە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەنێوان سەرۆکی حکومەتی عێراق و وەزیری دارایی عێراق و فراکسیۆنەکان رێکبخرێت تاوەکو بگەنە ئەنجامێک و ئیدی کێشە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست نەکرێت".
هەرێمى کوردستان مانگانە پێویستى بە 988 ملیار دینارە بۆ مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ