رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ساڵی 2023 زیاتر لە حەوت ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، جگە لەوەش زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو سەردانیکەری نێوخۆیی لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان هەبوون.
رۆژی دووشەممە، 15-01-2024، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، ئاماری گەشتیاران و کار و چالاکییەکانی دەستەکەیانی بۆ ساڵی 2023 بڵاوکردەوە.
ژمارەی هاتنی گەشتیاران بە گوتەی سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار بەمشێوەیە:
ساڵی 2021، چوار ملیۆن و 189 هەزار و 596 کەس
ساڵی 2022، شەش ملیۆن و 35 هەزار و 57 کەس
ساڵی 2023، حەوت ملیۆن و 279 هەزار و 913 کەس
سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان گوتی، "2022 زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد، پلانمان وابوو بۆ 2023 نزیک ببینەوە لە هەشت ملیۆن، بەڵام دواجار زیاتر لە حەوت ملیۆن و نیو گەشتیاری پارێزگاکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق، وڵاتانی کەنداو، ئاسیا و ئەوروپا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد، جگە لەوەش زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو گەشتیار کە ناویان دەنێن سەردانکەر خەرجییەکانیان لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان بەکارهێناوە واتە گەشتیاری نێوخۆیی."
دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، ژمارەی بنکە گەشتیارییەکانیش بەمشێوەیە:
میوانخانە (هوتێل): 468
موتێل: 267
کۆمەڵگەی گەشتیاری: 33
گوندی گەشتیاری: 20
توانای وەرگرتن- ژمارەی قەرەوێڵە: 63 هەزار و 682
چێشتخانە - رێستۆرانت: 524
کافتریا: 657
کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری: 518
لەبارەی قەبارەی وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتوگوزار، دەستەکە دەڵێت، لە ماوەی چوار ساڵدا، قەبارەی وەبەرهێنان لە بواری گەشتیاری بریتی بووە لە حەوت ملیار و 387 ملیۆن و 699 هەزار لەگەڵ 880 دۆلار، واتە سەرمایەی وەبەرهێنان لە بواری گەشتیاری لە پێش هەموو سێکتەرەکانی دیکەیە و لە پلەی یەکەم دێت بە رێژەی 42،88٪.
ئەو پڕۆژانەی رەزامەندی دراوە و فەرمانی وەزاری بۆ دەرکراوە لەسەر داهاتی گەشتیاری بۆ ساڵی 2023
پارێزگای سلێمانی: 10 پڕۆژە بە گوژمەی 706 ملیۆن و 21 هەزار دینار
هەولێر: نۆ پڕۆژە بە گوژمەی 388 ملیۆن و 140 هەزار دینار
دهۆک: شەش پڕۆژە بە گوژمەی 148 ملیۆن و 960 هەزار و 415 دینار
هەڵەبجە: یەک پڕۆژە بە گوژمەی 11 ملیۆن و 375 هەزار دینار
زاخۆ: یەک پڕۆژە بە گوژمەی 23 ملیۆن و 985 هەزار دینار
راپەڕین: یەک پڕۆژە بە گوژمەی نۆ ملیۆن و 140 هەزار دینار
کۆی گشتی: 27 پڕۆژە بە گوژمەی یەک ملیار و 359 ملیۆن و 856 هەزار و 415 دینار.
یاسا و رێنوێنییە پەسندکراوەکان:
پەسندکردنی یاسای گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان - عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2022
پەسندکردنی رێنوێنیی رێبەری گەشتیاری ژمارە 3ـی ساڵی 2022
پەسندکردنی رێنوێنیی ئاهەنگگێران ژمارە 1ـی ساڵی 2023
ئەپدەیتکردنەوەی رێنوێنیی مەی فرۆشتن
پاراستنی سەلامەتیی گەشتیاران
پێداچوونەوە بە خشتەی رسوماتی بنکە و شوێنە گەشتیارییەکان
ئامادەکردنی رێنوێنیی پێدانی مۆڵەتی گەشتوگوزاری سەرکێشی
نوێکردنەوەی پێوەرەکانی پۆلێن بۆ هوتێل لە 1 تاوەکو 5 ئەستێرە
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، توانیویانە لە 2023 بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی (هەڵەبجە، سۆران، زاخۆ، راپەرین) بکەنەوە، هاوکات کارکراوە لەسەر بە ئەلیکترۆنیکردنی پرۆسەی دەرهێنان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی گەشتیاری بۆ بنکە و کۆمپانیا گەشتیارییەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی رۆتین، کارکردن لەسەر دروستکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ پڕۆسەی پشکنینی بنکە گەشتیارییەکان و کارکردن لەسەر دروستکردنی ئەپلیکەیشنی رێبەری گەشتیاری.
ئەمەل جەلال دەشڵێت، بە گوێرەی ئەو بەراوردکارییەی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان کردوویانە دەرکەوتووە لە چوار ساڵی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرمایەی پڕۆژە گەشتیارییەکان بە پلەی یەکەم دێت و داهاتی کەشتوگوزار لە 2023 بەراورد بە 2019 17٪ زیادیکردووە.
لە 2023 بڕیاردرا 165 پۆلیسی گەشتیاری لە هەردوو رەگەز دابمەزرێت. سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، ئەو پۆلیسانە بەسەر سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەشدەکرێن، لە سلێمانی و هەولێر 30 پۆلیس، سۆران 20، دهۆک 25 و لە زاخۆ، هەڵەبجە و راپەڕین یەکی 15 پۆلیسی گەشتیاری دادەمەزرێن جگە لە رێبەری گەشتیاریش کە ئێستا لە قۆناخی دابەشبوونی ئەوانیش بن بەسەر کۆمپانیا و هوتێلەکان.
بە گوتەی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بێت، لە 2023 زیاتر لە 120 فەرمانبەر لە دەرچوونی زانکۆکان و پەیمانگاکان بە گرێبەست لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دامەزراون. سەرۆکی دەستەکە دەشڵێت، ئێستا کار لەسەر پێگەیاندنی رۆژنامەنووسی گەشتیاری دەکەن کە راهێنانیان پێ دەکرێت و ئەرکیان زیاتر کارکردنە لەسەر کەرتی گەشتوگوزار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ