رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، دوای ماوەیەکی زۆر رزگار محەممەد، قایمقامی مەخموور، کە بە وەکالەت پۆستەکەی بەڕێوەدەبرد، بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمی بووە قایمقام.
رۆژی پێنجشەممە، 14-12-2023، عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رزگار محەممەد لە 2014ـەوە قایمقامی مەخموور بوو بە وەکالەت، بەڵام لەم دواییە پێویست بوو قایمقام جێگیر بکرێت بۆ ئەوەی ئەویش ئەدای خۆی باشتر بکات، بۆیە دوێنێ فەرمانی دەستبەکاربوونی بە فەرمی بۆ دەرچووە."
عەلی رەشید گوتی، دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیران فەرمانی دەستبەکاربوونی رزگار محەممەدی وەکو قایمقام دەرکردووە و فەرمانەکە نێردراوەتە وەزارەتی ناوخۆ و دواتر ئاراستەی پارێزگای هەولێر کراوە و ئاراستەی مەخمووریش کراوە و دەستبەکاربووە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەدا مەخموور لە رووی جوگرافییەوە سەر بە هەولێرە، بەڵام لە رووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە، بۆیە بەڕێوەبەرەکان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە دیاری دەکرێن.
سنووری مەخموور خاڵی بەیەک بەستنەوەی سنووری پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەدین و هەولێرە.
لەرووی جوگرافییەوە، مەڵبەندی قەزای مەخموور بە دووری 65 كیلۆمەتر دەكەوێتە رۆژئاوای پارێزگای هەولێر، لە باكوورییەوە قەزای دەشتی هەولێر و خەباتە و لە باشوورییەوە رووباری دیجلەیە، رووبەری قەزاكە (352,000) دۆنمە و 8٪ی رووبەری پارێزگای هەولێر پێكدێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ