عوسمانی حاجی مەحموود: بڕۆن دەنگ بدەن

14-12-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی پێشووی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامێکدا بۆ هاونیشتمانییانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرەڕای بوونی "ناعەدالەتی، گەندەڵی و سەروەرنەبوونی یاسا و کەموکورتییەکان" رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 بەشداری پرۆسەی دەنگدان بکەن و دەنگبدەن. دەشڵێت، "تەمەنی هێز و لایەنە سیاسیەکانیش کاتی و کورتن."
 
رۆژی پێنجشەممە، 14-12-2023، عوسمانی حاجی مەحموود، ئەندامی پێشووی خانەی راپەڕاندن و یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان پەیامێکی لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "كوردانی دانیشتووی كەركووک و ناوچە دابڕێنراوەكان، هەمووتان دەزانن کێشەی کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بابەتێکی مێژوویی نیشتمانی و نەتەوەییە و ئەرکی هەموو تاکێکی کوردستانییە، بە گرنگی و گیانی نەتەوەییەوە لەسەر ئەو پرسە هەڵوێست وەربگرین."
 
عوسمانی حاجی مەحموود لە بەشێکی پەیامەکەیدا دەڵێت، "بۆ یەكلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانە لە هەوڵدان و خەباتکردن بەردەوامبین، بۆیە سەرەڕای بوونی ناعەدالەتی، گەندەڵی و سەروەرنەبوونی یاسا و کەموکورتییەکانی تر، سەرەڕای بوونی هەر تێروانین و رەخنەیەک كە لەسەر دۆزی سیاسی و خراپی بژێوی هەمانە، داواکارم لە هەموو کوردستانیانی ئەو ناوچانە رۆژی 18-12-2023 بەشداری پرۆسەی دەنگدان بکەن و دەنگبدەن."
 
ئەو ئەندامەی پێشووی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامەکەیدا دەشڵێت، "بەشداریكردن و دەنگدانی ئێوە سەنگی كورد لەو ناوچانە بەهێزتر و پایەدارتر دەكات، بۆیە بۆ هەمووان ئەوە گرنگە پرسی نیشتمان و نەتەوەییمان لەو ناوچانە لەپێش هەر شتێكی ترەوەیە و پێویستە نیشتمان و نەتەوە تێكەڵ بە پرسە سیاسی و حیزبییەكان نەكرێن و بوون و مانەوەیان لامان جێگیر و بەردەوام بن، دیارە  تەمەنی هێز و لایەنە سیاسییەکانیش کاتی و کورتن."
 
عوسمانی حاجی مەحموود، کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان، تاوەکو ساڵی 2003 ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بوو. لە کۆتایی هەمان ساڵ بووە وەزیری ناوخۆ (ئیدارەی سلێمانی). ساڵی 2009 بە فەرمی دەستی لە ئەندامێتی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كێشایەوە و پاڵپشتی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند. لە مانگی ئابی 2018 وازی لە بەرپرسیاریێتیی لە نێو بزووتنەوەی گۆڕان هێناوە.
 
بڕیارە رۆژی دووشەممە، 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت کە 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 دەنگدەر هەن؛ 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 دەنگدەر دەنگدانی گشتی دەیانگرێتەوە؛ 1 ملیۆن و 2 هەزار و 393 دەنگدەریش دەنگدانی تایبەت دەیانگرێتەوە، لەنێویاندا 48 هەزار و 260 ئاوارە هەن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.