مامۆستایانی رۆژئاوای کوردستان لە کەمپەکانی قوشتەپە و دۆمیز بایکۆتی خوێندن دەکەن

14-12-2021
هەڵەبجە سەعدوون
پۆلی قوتابخانەیەک لە کەمپی قوشتەپە و منداڵێک لەبەردەم قوتابخانەکەدا کە بەهۆی بایکۆتەوە داخراوە. وێنەکان: رووداو
پۆلی قوتابخانەیەک لە کەمپی قوشتەپە و منداڵێک لەبەردەم قوتابخانەکەدا کە بەهۆی بایکۆتەوە داخراوە. وێنەکان: رووداو
A+ A-
 
رووداو - کەمپی قوشتەپە

بەهۆی راگرتنی مووچەکانیان لەلایەن رێکخراوی یونسێفەوە 512 مامۆستای رۆژئاوای کوردستان کە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان وانە دەڵێنەوە، بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، بەو هۆیەشەوە سەتان قوتابیی رۆژئاوای کوردستان لە کەمپەکان لە خوێندن دابڕاون.
 
ئەمین قوتابییەکی رۆژئاوای کوردستانە و لە کەمپی قوشتەپە نیشتەجێیە، تەنیا دوو هەفتە دەوامی کرد، بەڵام ئەوە دوو مانگە چاوەڕێی گەڕانەوەیە بۆ دەوامی ئاسایی خۆی. ساڵی رابردوو بەهۆی نەخۆشکەوتنی باوکی، ئەمین لە خوێندن دابڕا، ئەمساڵیش بەهۆی بایکۆتکردنی مامۆستایانی کەمپی قوشتەپەوە جارێکی دیکە بێهیوا بووەتەوە.
 
بنەماڵەکەی ئەمین دەڵێن، "هەر کاتێک ئەمین لە ماڵ نەبێت، ئەوان دەزانن بە جانتاکەیەوە لەبەر دەرگای قوتابخانەیە و چاوەڕێی دەستپێکردنەوەی دەوامەکەی دەکات".
 
کەوسەر عەبدوڵڵا، دایکی ئەمین دەڵێت، "ساڵی رابردوو باوکی ئەمین تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوو، بۆ وەرگرتنی چارەسەر گەڕاینەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان، بەڵام لەوێ گیانی لەدەستدا، بەو هۆیەوە ئەمین لە خوێندن دابڕا. ئەمساڵیش هەموو پێداویستیی قوتابخانەمان بۆ کڕی، کەچی مامۆستایان بایکۆتیان کرد و دەوام راگیرا".
 
نەرمین محەممەد، قوتابییەکی دیکەیە لە کەمپەکە، هیوای گەڕانەوەی بۆ قوتابخانەکەی لەدەستداوە، ئەو بۆ ساڵی خوێندنی 2019 - 2020 یەکەمی سەر ئاستی قوتابخانەکەی بوو، ئێستا لە پۆلی 12ی زانستییە، بەهۆی بایکۆتی مامۆستایان، هیوای بۆ بوون بە پزیشک لاواز بووە.
 
نەرمین دەڵێت، "دەمویست پرۆگرامی خوێندنی ئەمساڵمان تەواو بکەین، چونکە کاتمان لەبەردەمدا بوو بۆئەوەی دووبارە دەست بە خوێندن بکەینەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوە چەند مانگێک بەسەر خوێندنەکەماندا تێپەڕی و تاوەکو ئێستاش دەوامی خوێندن دەستی پێنەکردووەتەوە".
 
لە ساڵی 2019، دوای ئەوەی رێکخراوی یونسێف مووچەی پەرەپێدانی مامۆستا و قوتابخانەکانی رۆژئاوای کوردستانی بڕی، ئیدی مووچەی ئەو مامۆستایانە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ گرێبەست، بەڵکو لە شێوەی بڕە پارەیەکی دیاریکراو بە مامۆستایان دەدرا؛ بۆیە ئێستا 55 مامۆستای کەمپی قوشتەپە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە.
 
حەمرین حەسەن کە لە کەمپی قوشتەپە مامۆستایە باس لەوە دەکات، "حەوت ساڵە لە هەرێمی کوردستان مامۆستام، بەڕاستی مووچەمان زۆر کەمە، بەشی بژێویی ژیانمان ناکات، دەمانەوێت چارەیەک لە دۆخی مامۆستایانی کەمپەکە بکرێت".
 
هەندێک خێزانی نیشتەجێی کەمپەکە کە دۆخی داراییان باشە، لە ماڵەوە دەخوێنن. سێوریە ئیبراهیم منداڵەکانی خۆی و منداڵی دراوسێکانیشی خستووەتە بەر خوێندن، بەڵام ئەوە وەکو چارەسەر نابینێت و پێیوایە ناچارییە.
 
سێوریە ئیبراهیم کە دایکی دوو قوتابییە، دەڵێت "لە ماڵەوە منداڵەکانم فێری خوێندن دەکەم، ئەو شتەی دەیکەم گەلێک کەس ناتوانن بیکەن، لەوانەیە توانام هەبێت و خوێندەوار بم، بەڵام مەرج نییە هەموو دایکان بتوانن ئەوە بکەن، پۆلەکانی 11 و 12 زۆر قورسن، پێویستی بەوەیە زانیاریت هەبێت".
 
لە تەواوی هەرێمی کوردستان هەزار و 100 مامۆستای رۆژئاوای کوردستان هەن، بەسەر 57 قوتابخانەی جیاوازدا دابەشکراون، کە نزیکەی 38 هەزار قوتابی لەخۆدەگرێت، جگە لە کەمپی قوشتەپە 455 مامۆستای دیکەش لە کەمپی دۆمیز بایکۆتیان کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.