رووداو دیجیتاڵ
عەزیز نیعمەتی، شاعیر، نووسەر و لێکۆڵینڤانی کورد لە ورمێ کۆچی دواییکرد.
عەزیز نیعمەتی ناسراو بە ئاڤاشین، پێشنیوەڕۆی رۆژی هەینی لە نەخۆشخانەیەکی ورمێ بەهۆی نەخۆشی لە تەمەنی 66 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
نیعمەتی لە دیارترین شاعیر و نووسەرانی کورد بوو لە شاری ورمێ و دوو کتێبی شیعر، لێکۆڵینەوەی ئەدەبی بە زمانی کوردی و فارسی بڵاوکردووەتەوە. بیرەوەرییەکانی رەفیق حیلمیشی لە ئینگلیزییەوە کردووەتە فارسی.
ئەو نووسەرە چەند کۆمەڵە چیرۆکیشی لە کوردییەوە کردووەتە فارسی و هەروەها لە کوردییەوە وەریگێڕاون بۆ سەر زمانی ئینگلیزی، دەیان وتاریشی لە گۆڤارەکانی نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان بڵاوکراوەتەوە و چەندین لێکۆڵینەوەی لەبارەی ئاواز و گۆرانی فۆلکلۆری کوردی چاپ و بڵاوکراونەتەوە.
عەزیز نیعمەتی چەند مانگ بوو نەخۆش بوو و چەندجار نەشتەرگەری بۆ کرابوو.
عەزیز نیعمەتی ساڵی 1959 لە گوندی کانی سپی لە ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ لەدایکبوو، لە شنۆ خوێندوویەتی و ساڵی 1978 لە ورمێ لە بەشی راهێنانی مامۆستایەتی وەرگیرا و ساڵی 1987 لە زانکۆی تەورێز بەشی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی تەواو کرد.
عەزیز نیعمەتی لە شنۆ، پۆلدەشت، چایپارە، تەورێز و ورمێ مامۆستای قوتابخانە بوو و زیاتر لە دوو دەیە بوو، لە شاری ورمێ نیشتەجێ بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ