رووداو دیجیتاڵ
فێستیڤاڵێکی خنجیلانە لە شارۆچکەی رێگەی ئاوریشم لە پارێزگای وان ـی باکووری کوردستان سازکرا، هەنگەوانانی شارۆچکەکە بەرگی هەنگەوانییان پۆشی و بەدەم زووڕناوە هەڵپەرکێیان کرد.
عومەر ئاکبوڵاک، یەک دەیەیە وەک نەریتێک لە کاتی کۆکردنەوەی بەرهەمی هەنگوین، لەگەڵ هاوپیشەکانی لە باخچەی ماڵەکەیدا ئەم چالاکییە رێکدەخات.
عومەر ئاکبوڵاکی هەنگەوا دەڵێ "10 ساڵە ئەم چالاکییە لەگەڵ دۆستەکانمان سازدەکەین، بەدەم شایی و هەڵپەڕکێ یەکەم بەرهەممان کۆکردەوە."
بەرهەمی ئەمساڵی هەنگوین باشترە لە پار، ئەمەش هەنگەوانانی خۆشحاڵ کردووە.
چەتین کارادومان، سەرۆکی ژووری کاسبکاران و پیشەوەرانی وان بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵی بەدەستەوەیە و دەڵێ "وەک دەبینن ماشەڵڵا ئەمساڵ بەرهەم زۆر باشە، هەنگوینی وا دەست ناکەوێت."
هەنگەوانانی شارۆچکەکە لە وەرزی بەهاردا شانە هەنگەکانیان لە کوێستانەکانی ناوچەکەیان لە بەرزایی دوو هەزار و 800 مەتر جێدەهێڵن و لە پاییزدا بەرهەمەکانیان کۆدەکەنەوە.
جەودەت ئۆزگۆکچە، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری ناوچەیی نووسینگەکانی گەشتیاری تورکیا سەبارەت بە فێستیڤاڵەکە دەڵێ "شاییمان کرد، قەرەباڵخییەکی زۆر لێرەیە، کەسانی ناسراوی وان لێرەن. بۆنەیەکی زۆر خۆش بوو و سوپاس بۆ ئەوانەی بەشدارییان کردووە."
لە سەرتاسەری پارێزگەی وان لە 14 هەزار شانە، نزیکەی دوو هەزار تۆن هەنگوین بەرهەم دەهێنرێت؛ یەک کیلۆ هەنگوین بە هەزار لیرەی تورکیە کە دەکاتە نزیکەی 30 دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ