رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە کاژێر 1:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و دەنگ بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بدات. پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، "پێشتر چەند لایەنێک گرفتیان لەگەڵ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە هەبووە، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە و پێشبینی ناکەین کەس دژی بێت."
رۆژی پێنجشەممە 14-09-2023 کاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دوو سێ مادەیە، کاری چەند خولەکێکە و تێدەپەڕێندرێت، پێشبینی ناکەین هیچ لایەنێک لە بەغدا دژی بێت، پێشتر چەند لایەنێک لەگەڵی نەبوون بە بیانووی ئەوەی کە چەند قەزایەکی دیکەی عێراقیش شایستەی بەپارێزگاکردنن، بەڵام ئەوە بیانوو بوو، هەڵەبجە رەهەندێکی مرۆیی هەیە و جۆرێک لە هاوسۆزی هەیە بۆی."
بە گوتەی کاروان یاروەیس، لەڕووی دابینکردنی بودجەوە هیچ بڕە پارەیەکی دیاریکراو بۆ هەڵەبجە تەرخان نەکراوە، "لە کاتی خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پڕۆژەیاساکە داوامان کرد بودجەیەک بۆ هەڵەبجە دابین بکرێت، بە نووسراوی فەرمیش سەرۆکوەزیرانی عێراقمان لەوبارەیەوە ئاگادار کردووەتەوە و گوتی: تاوتوێی دەکەم. ئیدی چاوەڕوانین بزانین دوای بەپارێزگابوونی و بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق، چی بۆ دەکرێت."
بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە 10 ساڵ زیاترە لە هەرێمی کوردستانەوە کاری بۆ دەکرێت، بەڵام هەر جارە و بە هۆکارێک لە بەغدا شکست بە هەوڵەکە دەهێندرێت. ئێستا خەریکە خەونی هەڵەبجەییەکان دێتەدی و دەبێتە 19ـیەمین پارێزگای عێراق.
رۆژی چوارشەممە 14-09-2023 کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە رووداوی گوت، "لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە بەغدا گفتوگۆمان کردووە و داوامان کردووە دوای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بودجەی پێویستمان بۆ خەرجبکەن و بابەتەکە تەنیا بەپارێزگاکردن نەبێت. پارێزگای هەڵەبجە تەنیا بۆ پڕۆژە وەستاوەکانی ساڵانی رابردوو واتا لە ساڵی 2010 بۆ 2022 پێویستی بە 164 ملیار دینارە."
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد، بەڵام ناکۆکیی نێوان شیعەکان و سوننەکان بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگایەکی نوێ.
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتر لە 135 هەزار کەسە؛ پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ