لە مێردین خاوەن ماڵ و کرێچییەک لەسەر کرێی خانوو دەبێتە شەڕیان و شەش کەس دەستگیر دەکرێن

14-09-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان لە شەڕی نێوان خاوەن ماڵێک و کرێچییەکەی لەسەر کرێی خانوو، بە بڕیاری دادگە شەش کەس دەستگیر کران.
 
رۆژی چوارشەممە 6ی ئەیلوولی 2023 لە گەڕەکی یەنکەنت لە شارۆچكەی قۆسەری مێردین، لەسەر کرێی خانوو دەمەقاڵی لەنێوان خاوەن ماڵێک و کرێچییەکەیدا روویدا، کە فەرمانبەری پۆلیسە و دواتر بووەتە شەڕیان.
 
لە شەڕەکەدا کەسوکاری خاوەن ماڵەکە بەشدار بوون و لە کرێچییەکەیان دا، کە پۆلیسە و، دەستیان بەسەر دەمانچەکەیدا گرت. بەهۆی شەڕەکە و بە تۆمەتی دەستگرتن بەسەر دەمانچەی پۆلیسەکە، بە خاوەن ماڵەکەوە شەش کەس دەستبەسەر کران.
 
دوای گرتنەبەری رێکاری یاسایی، شەش کەسە دەستبەسەرکراوەکە رەوانەی دادگە کران و بە بڕیاری دادگە دەستگیر کران.
 
کرێچییەکە لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوە داوە، بە پاساوی ئەوەی کرێی نەداوە، خاوەن ماڵەکە ویستوویەتی لە ماڵەکەی بیکاتە دەرەوە و پەیامی هەڕەشەئامێز بۆی نێردراوە، هەروەها براکانی خاوەن ماڵەکە رێگەیان لێگرتووە و هەڕەشەیان لێکردووە.
 
کرێچییەکە دەڵێت، بەهۆی گوشاری خاوەن ماڵەکەوە پێشتر لە 18ی ئابی ئەمساڵ چووەتە بنکەی پۆلیس و سکاڵای لەسەر خاوەن ماڵەکە تۆمار کردووە، رۆژی 6ی ئەیلوولیش کە شەڕەکە روویدا، بۆئەوەی بچێتە سەر کار لە ماڵ چووەتە دەرەوە، بەڵام لەنێو بیناکەدا خاوەن ماڵەکە و ژمارەیەک لە کەسوکارەکانی لێیان داوە و دەمانچەکەشیان لێ سەندووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە