رووداو - کفری
نزیکەی پێنج رۆژە رێگە نادرێت ئاسن لە پارێزگای سەلاحەدینەوە ببرێتە کفری، بەو هۆیەشەوە شۆفێر و خاوەنەکانی گۆڕەپانی ئاسن لە کفری رێگەی نێوان کفری - خورماتوویان داخست.
لە کاژێر 10:00ی بەیانیی 14ی تەممووز لە دژی رێگریی هێنانی ئاسن بۆ نێو شارەکەیان، شۆفێران و خاوەن کارەکان، رێگەی نێوان کفری - سەلاحەدین و کفری - دیالەیان داخست.
رێبوار خالید، خاوەنکار گوتی، "داواکاریی ئێمە بەس کردنەوەی رێگاکەیە، ئەو هەموو سەرانە سەندنە هەیە کێشەمان نییە، بەس رێگەکە بکەنەوە، رازی بووین بە هەموو ئەو رێگرییانەی لێمان دەکرێت، ئێمە داواکاریی زۆر گەورەمان نییە، داواکارییەکەی ئێمە ژیانە، لەم شارە بژین، ژیانی ئێمەش لەسەر ئەم جادەیە، لەسەر سکرابە."
هاشم ساڵح، خاوەنکار ئاماژەی بەوە کرد، "بابەتەکان هەر ئەوەیە، جەماعەتی سلێمان بەگن، خۆیان خاوەن کارگەن، خێزانێک لەوێن کە خاوەن کارگەکەن و ئەندامی ئەنجوومەنیشن. ئەمانە گرفت دروست دەکەن، دوێنێ خۆیانیان پێ نەگیرا، پەلاماری خەڵکیان دا، لەو خەڵکە کاسبکارەی لە سنووری دووز کەسابەتیان دەکرد."
جگە لە هاوردەکردنی ئاسن بۆ نێو شاری کفری، بە پێچەوانەشەوە ريگە نادرێت باری نێوخۆیی هەرێمی کوردستان بڕوات بۆ پارێزگای سەلاحەدین.
لوقمان جەلال، شۆفير گوتی، "چاوەڕێی سۆنەر بکەین، سۆنەر دانانرێت لەم رێگایە؛ ئەمە بەهانەیەکە بۆئەوەی رێگەکە چۆڵ بکەین، ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئەم رێگا ناکەینەوە تاوەکو وەڵامێکی کۆتایی لە بەرپرسە باڵاکان یان ئەندام پەرلەمانەکان یان فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە وەرنەگرین."
ئەحمەد محەممەد، شۆفێر باسی لەوە کرد، "ئەوەی ناوخۆیی بێت رێگە نادەن بڕوات، باری کوردستان تێناپەڕێت، ئێرانی بە ئاسانی تێدەپەڕێت."
قایمقامی کفری هۆکاری رێگەنەدان بە هێنانی ئاسن بە بیانوو دەزانێت و دەڵێت، هیچ هۆکارێک نییە بۆ رێگەگرتن لە هێنانی ئاسن بۆ نێو شاری کفری.
ساهر عەلی، قایمقامی قەزای کفری دەڵێت، "پەیوەندیمان بە لیوا عەلی مالیکی فەرماندەی رۆژهەڵاتی سەلاحەدین کرد؛ دەڵێت، سۆنەر نییە لەم بازگەیە، ئەگەر سۆنەر نەبێت، ناتوانین رێگە بە تێپەڕبوونی ئاسن بدەین. بە بۆچوونی من، ئەمە بیانووە، چونکە دانانی سۆنەر لە دەسەڵاتی هاووڵاتیدا نییە، بڕێک ئاسن دەهێنیت، خۆتان دەزانن دۆخی کفری چییە لەڕووی ئابوورییەوە نزیکەی 300 خێزان لەسەر ئەوە دەژین."
رۆژانە 3000 تۆن ئاسن دێتە نێو 32 گۆڕەپانی ئاسن لە کفری، کە زیاتر لە 600 شۆفێر و کرێکار و خاوەن کار ئیشی تێدا دەکەن.
لەدوای ساڵی 2017، لەو کاتەوەی سوپای عێراق کۆنترۆڵی ناوچەکەی لەژێر دەستە، چەند جارێکی دیکە رێگەکەیان داخستووە، دوای رێککەوتن لەگەڵ شۆفێران، رێگەکەیان کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ