رووداو دیجیتاڵ
ناوچە گەشتیارییەکانی باکووری کوردستان بە سرووشتە فێنکەکەیان، ئاو و کانیاو، چەم و رووبارەکانیانەوە خۆیان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران ئامادە کردووە.
چیای رەشکۆ واتە جیلۆ، دۆڵی سپیخان، سۆلافی ئاوی سپی و دەریاچە سەهۆڵییەکانی سات، لە ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای جۆلەمێرگن و شایەنی بینینن.
ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانی ئەو ناوچانە دەکەن؛ بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 35 هەزار و 662 گەشتیار سەردانی جۆلەمێرگیان کردووە، هەرچەندە ئامانجەکە 130 هەزار گەشتیارە تاوەکو کۆتایی ساڵ.
ئیدریس ئانجەئۆغلو، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و گەشتیاریی جۆلەمێرگ دەڵێت، "لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا هاتنی گەشتیاران بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. ئێستا جۆلەمێرگ لە شوێنێکی زۆرباشدایە بە بەراورد بە پێشوو. ساڵی رابردوو نزیکەی 110 هەزار گەشتیار سەردانی جۆلەمێرگیان کردووە. ساڵانە ئامانجەکەمان زیاد دەکەین. ئامانجمان ئەمساڵ 130 هەزار گەشتیارە".
وانیش لە پارێزگا گەشتیارییە گرنگەکانی باکووری کوردستانە؛ دەریاچەی وان کە گەورەترین دەریاچەی کوردستان و تورکیایە، جوانییەکی ناوازە بە شارەکە دەبەخشێت. دوورگەکانی ئاختامار و چارپاناک، قەڵای وان، قەڵای خۆشاب، سۆلافی بێگر و سۆلافی کانی سپی، وێستگەی سەرەکی گەشتیارانی وانن. بۆ پشووی هاوین چاوەڕێی گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانین.
بەهۆی هاوسنوورییەوە، زۆربەی گەشتیارانی ئەو پارێزگایە هاونیشتمانیانی رۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی ئێرانن. فەوزی چەلیکتاش، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی وان دەڵێت، "ئێمە ئەمساڵ لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتای ساڵدا، پێشوازیمان لە 137 هەزار گەشتیاری ئێرانی کردووە. ئامانجمان ئەوەیە ساڵانە میوانداری یەک ملیۆن گەشتیار بکەین."
دێرسیمیش بە سرووشتە دەوڵەمەند و دڵڕفێنەکەی، ئەم هاوینە ئامێزی بۆ گەشتیاران کردووەتەوە. چەمی مونزور، دوزگون بابا، دۆڵی ئیکسۆر، رووباری رۆژ و سۆلافی رابات لە ناوچە گەشتیارییە سەرەکییەکانی دێرسیمن.
دێرسیم هەروەها بۆ کەسانی عەلەوی مەزهەب شوێنێکی پیرۆزی ئایینییە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار بۆ ئەو مەبەستە سەردانی دەکەن. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و گەشتیاری دێرسیم، لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا نزیکەی دوو ملیۆن گەشتیار سەردانی ئەو پارێزگایەیان کردووە.
لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان ساڵانە فیستیڤاڵ و چالاکیی جۆراوجۆر بۆ زیادکردنی ژمارەی گەشتیاران و داهاتی کەرتی گەشتیاری سازدەکرێن. ئەستێرەی ئەو کەرتەش لە باکووری کوردستان ساڵ لە دوای ساڵ گەشاوەتر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ