مانگی رابردوو کەمترین خانووبەرە لە ئەردەخان و جۆلەمێرگ فرۆشراون

14-06-2024
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەی خانوو و شوقە فرۆشراوەکانی مانگی ئایار لە سەرانسەری تورکیا راگەیێندرا. لە پارێزگاکانی ئەردەخان و جۆلەمێرگی باکووری کوردستان کەمترین خانوو و شوقە فرۆشراون.
 
دامەزراوەی ئاماری تورکیا رۆژی پێنجشەممە، 13ـی حوزەیران ئاماری فرۆشتنی خانووبەرەی بۆ مانگی ئایاری 2024 بڵاوکردەوە. بەراورد بە داتاکانی هەمان مانگی پارساڵ، فرۆشی خانووبەرە لە تورکیا و باکووری کوردستان 2.3٪ کەمیکردووە و 110 هەزار و 588 خانوو و شوقە فرۆشراون، هەروەها لە پێنج مانگی یەکەمی 2024  بەراورد بە هەمان مانگەکانی ساڵی 2023 فرۆشی خانووبەرە 3.4٪ کەمیکردووە و 465 هەزار و 71 خانوو و شوقە فرۆشراون.
 
لە ئایاری ئەم ساڵدا کەمترین خانووبەرە لە دوو پارێزگای باکووری کوردستان فرۆشراون، لە ئەردەخان تەنیا 46 و لە جۆلەمێرگ 60 خانوو و شوقە فرۆشراون. 
 
زۆرترین خانوو و شوقە لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئەنتاڵیا ـی تورکیا فرۆشراون. لە ئیستەنبووڵ 18 هەزار و 814، لە ئەنقەرە نۆ هەزار و 861 و لە ئەنتاڵیا شەش هەزار و 306 خانوو و شوقە فرۆشراون.
 
لە مانگی ئایاردا ژمارەی خانووی فرۆشراو بە بیانییەکان بە بەراورد بە هەمان مانگی پارساڵ 34.8٪ کەمیکردووە و دوو هەزار و 64 خانوو و شوقە بە کەسانی بیانی فرۆشراون. زۆربەی هاووڵاتیانی بیانی لە ئانتاڵیا، ئیستەنبووڵ و مێرسین خانوو و شوقەیان کڕیوە. بیانییەکان لە ئانتالیا 797 ، لە ئیستەنبووڵ 668 و لە مێرسین 164 خانوویان کڕیوە.
 
هاووڵاتیانی رووسیا بە کڕینی 437 خانوو و شوقە لە پلەی یەکەمدان، هاووڵاتیانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە کڕینی 207 خانوو و شووقە لە پلەی دووەمدان، هاووڵاتیانی ئۆکرانیا بە کڕینی 171 خانوو و شوقە لە پلەی سێیەمدان.
 
زۆربەی بیانییەکان بە مەبەستی وەرگرتنی وڵاتینامە لە تورکیا خانوو و شوقە دەکڕن. هەر بیانییەک 400 هەزار دۆلار لە تورکیا وەبەرهێنان بکات یان موڵک بکڕێت و بۆ ماوەی سێ ساڵ نەیفرۆشێت، مافی وەرگرتنی وڵاتینامەی تورکیای هەیە. تاوەکو کۆتایی ساڵی 2021 ئەم ژمارەیە 250 هەزار دۆلار بوو و لە مانگی کانوونی دووەمی 2022 بۆ 400 هەزار دۆلار زیادکرا.
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە