رووداو - گەرمیان
رەسمیە ئەحمەد تەمەنی 53 ساڵە، خاڵکی گوندی بنەکەی خەپە کوێرە لە کفری، لە 17ی نیسانی 1988 باوک و دوو خوشکی لەگەڵ هاوژینەکەی ئەنفال کراون. ئەو تاقانەی ئەنفالە و 35 ساڵە نایەوێت باوەڕ بە مردنی کەسوکارەکەی بکات، ئاماژەیەکیش نییە بۆ زیندووبوونی کەسوکارەکەی.
رەسمیە ئەحمەد، تاقانەی ئەنفال دەڵێت، "ئێستا دەڕۆمە ناو گۆڕستانی سمود، هی ئەنفالە و نازانم ئەمە خوشکمە یان باوکمە. نازانم لە کوێن، ئەگەر پشکنینی خوێنەکە بکرێت، حەزدەکەم، ئیسراحەت دەکەم، دەزانی ئەمە گۆڕەکەیەتی [یاخود نا]."
بە حەوت قۆناخ رووفاتی 1580 ئەنفالکراو هێندراونەتەوە گەرمیان، چەمچەماڵ، دووکان و کەرکووک. 799 رووفاتی بارزانییەکانیش بە سێ قۆناخ هێندراونەتەوە، بەڵام هیچ رووفاتێک پشکنینی DNAیان بۆ نەکراوە.
تەها حەمەئەمین، کەسوکاری ئەنفال دەڵێت، "تۆ نازانیت ئەم گۆڕانە هی کێن؛ براتە، خوشکتە یان کەستە. خۆ ئەو گۆڕانەی جنوبیش هەر گۆڕی بەکۆمەڵن و نازانیت هی کێن. ئەمانەش هیچیان نەناسراونەتەوە، ئەمانەش هەر گۆڕی بەکۆمەڵن، بەڵام بە شێوازێکی دیکە."
حەسەن محەممەد، تاقانەی ئەنفال باس لەوە دەکات، "ئێمەی تاقانەی ئەنفال 140 کەسین لە هەرێمی کوردستان، ئێمە نۆ کەسمان مردووە، ئەگەر منی تاقانەی ئەنفال بمرم، دواتر پشکنین بۆ کێ دەکەیت؟"
پشکنینی DNA بۆ هەر رووفاتێکی ئەنفال 800 دۆلاری دەوێت، ئەو 171 رووفاتەی کە لە پزیشکی دادی بەغدان 136 هەزار دۆلاریان پێویستە. بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوانیش پشکنینی DNA بۆ هەر یەک کەسێک 50 دۆلاری تێدەچێت.
پزیشکی دادی بەغدا بە بیانووی نەبوونی پارە سێ ساڵە پشکنینی DNAی بۆ رووفاتەکان نەکردووە.
شوان محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "ئەمانە بەڕاستی فرتوفێڵ دەکەن، کەمتەرخەمی دەکەن؛ ئیشەکە ئیشی دادپزیشکی بەغدایە، بەپێی مادەی ژمارە 13ی ساڵی 2015، مادەی شەشەم بڕگەی پێنجەم دەڵێت: دەرهێنان و پشکنینی رووفاتەکان و کەسوکارەکانیشیان دەبێت دادپزیشکی پێی هەستن."
حەوت گۆڕی بەکۆمەڵی نوێ دۆزراونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بودجەیەک بۆ هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە تەرخان نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ