رووداو - هەولێر
بارانبارین و کۆبوونەوەی ئاو ژیانی بوومەلەرزەلێدراوانی شاری خۆی لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دژوار کردووە و ئاو چووەتە نێو خێوەتی ژمارەیەک لە زیانلێکەوتووانەوە.
بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، لە دوو شەوی رابردوودا و بە هۆی بارینی بارانی بەخوڕ، ئاو لە شەقام و کۆڵانەکانی شاری خۆی لە باکووری پارێزگای ورمێ کۆبووەتەوە و چووەتە نێو خێوەتی بەشێک لە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەوە.
محەممەد بەهجەتی، ئەندامی ئەنجوومەنی شاری خۆی دەڵێت، لەو شارەدا چەندین ساڵە کێشەی کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو لە کاتی بارینی بارانی زۆردا هەیە و هیچ پلانێک نییە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکە؛ گوتیشی، هەر کات باران ببارێت، ئاو کۆدەبێتەوە و ژیانی خەڵک دەشێوێت.
لە سێ مانگی رابردوودا چەندجارێک بوومەلەرزەی بەهێز شاری خۆی و گوندەکانی دەورووبەری هەژاندووە. بە گشتی لە بوومەلەرزەکاندا، نزیکەی دوو هەزار خانوو بە تەواوی رووخان و نزیکەی 10 هەزار خانووش زیانی زۆریان بەرکەوت. زۆربەی دانیشتووانی خانووە رووخاو و زیانبەرکەوتووەکان تاوەکو ئێستا لە خێوەتدا دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ