رووداو دیجیتاڵ
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت، رەچاوی دۆخی دارایی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لەسەر ئەو بنچینەیەش تاوەکو ئێستا پارەی خوێندنی پارالێڵ لە هیچ خوێندکارێک وەرنەگیراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دۆخی دارایی خوێندکاران و کەسوکاریان لەبەرچاوگرتووە و هەربۆیە تاوەکو ئێستا پارەی خوێندنی پارالێڵ لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان وەرنەگیراوە، ئەوە لە کاتێکدایە زانکۆکانیش بەدەست بێ داهاتییەوە دەناڵێنن.
بەگوتەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیارە لە نزیکترین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتدا، گفتوگۆ لەبارەی ئەو بابەتە بکەن بۆ ئەوەی دەرچەیەک بدۆزنەوە کە لە بەرژەوەندی خوێندکاران و کەسوکاریان و لە بەرژەوەندی زانکۆکانیش بێت.
دکتۆر ئارام محەممەد گوتیشی، تاوەکو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت دەکرێت و بڕیارێک دەدرێت، پارەی خوێندنی پارالێڵ لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرناگیرێت.
ئەم بڕیارەی وەزارەت لەکاتێکدایە، هاونیشتمانیان لە دۆخێکی خراپی ئابوورییدان.
تاوەکو ئێستا چارەنووسی سێ مووچەی ساڵی 2023ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و مووچەی مانگی شوباتی 2024یش دیار نییە.
بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات، حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانە بەغدا 618 ملیار دیناری بۆ بنێرێت کە بڕیارە ناردنی ئەو پارەیە تاوەکو هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی 2023، 2024 و 2025 بەردەوام بێت.
رۆژی 14-1-2024، دوای سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنەکان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی 618 ملیار دینار بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2024ـدا.
رۆژی 1ی شوباتی 2024 وەزارەتی دارایی عێراق 618 ملیار دینارەکەی رەوانەی هەرێمی کوردستان كرد. دواتر لەماوەی هەفتەیەک مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دابەشکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ