نێچیرڤان بارزانی: بڕیاری ناردنی پارە لە بەغداوە سەرەتایەکی باشە بۆ چارەسەری کێشەکان

14-01-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا
کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە بەغداوە رایگەیاند بڕیاری ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان کە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاری لەبارەوە درا "سەرەتایەکی باشە بۆ چارەسەری کێشەکان" لەنێوان هەولێر و بەغدا.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 14-1-2024) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی سەردانە دوو رۆژییەکەی و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنەکانی عێراق لە بەغدا، روونکردنەوەی بۆ رۆژنامەڤانان دا و، رایگەیاند دوو بابەتی سەرەکی کە لە کۆبوونەوەکانیدا تیشکی خستووەتە سەریان، بابەتی قووتی خەڵک و ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان بوون.
 
"دەبێت سەردانکردنی بەغدا، ئاسایی وەربگیرێت"
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "هاتنی ئێمە بۆ بەغدا، لە پلەی یەکەمدا بۆ بەشداریکردن بوو لە رۆژی شەهیدی عێراقی. ئێمە لەو رێوڕەسمەدا بەشداربووین و دواتر لە دوێنێوە تاوەکو ئەمڕۆ، کۆمەڵێک دیدار و گفتوگۆمان لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکان، سەرۆکوەزیران و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامدا."
 
"ئەم دیدارانە دەبێت بە شێوەیەکی سرووشتی وەربگیرێن." سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێ "مادام ئێمە لەم جوگرافیایە و لەم وڵاتەدا دەژین، زۆر ئاساییە سەردانی بەغدا بکەین و هەوڵ بدەین ئەو کێشانەی هەن، لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوە بکەین و چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە."
 
"ناکرێت مووچە بکرێتە بابەتێکی سیاسی یان وەرەقەیەکی گوشار لەسەر هەرێمی کوردستان"
 
لەو دیدارانەی دوێنێ و ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی هەرە باڵا لە عێراق کردوونی، وەک خۆی دەڵێ دوو بابەتی سەرەکی زیاتر گەنگەشە کردووە "یەکەمیان پرسی قووتی خەڵکی کوردستان بووە کە بە بۆچوونی ئێمە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە. ئێستاش پێویستە لە بابەتی مووچەدا چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ هەموو پارێزگەکانی عێراق دەکرێت، لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش بەو شێوەیە بێت. ناکرێت بابەتی مووچە بکرێتە بابەتێکی سیاسی یان وەرەقەیەکی گوشار لەسەر هەرێمی کوردستان." 
 
"بابەتی مووچە لە ئەجێندای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نەبوو، بەسوپاسەوە سوودانی بڕیاری لەسەر دا" 
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریدا بە ناردنی 618 ملیار دینار بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2024ـدا. 
 
نێچیرڤان بارزانی لەمبارەیەوە گوتی "بە دڵنیاییەوە جەنابی سەرۆکوەزیران تێگەیشتنێکی یەکجار باشی هەبووە بۆ ئەم پرسە (پرسی مووچە) و دڵنیام لەوەی هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. هەروەکو دەزانن، ئەمڕۆ بڕیارێکی لە ئەنجوومەنی وەزیران داوە؛ بە سوپاسەوە بۆ جەنابی سەرۆکوەزیران کە ئەمە هەر لە ئەجێندای کۆبوونەوەکەدا نەبوو، بەڵام جەنابیان زۆر بە پەرۆشەوە پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە دەبێ بخرێتە نێو ئەجێندای کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران و بە بۆچوونی ئێمە، ئەو بڕیارەی ئەمڕۆ سەرەتایەکی باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."

 

 

 
"ناردنی درۆن بۆ هەرێمی کوردستان، ئاسایشی عێراقیش تێکدەدات" 
 
بەگشتی لەدوای هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا رووبەڕووی هێرشی گرووپەکانی سەر بە ئێران بوونەتەوە و، لەو کاتەوەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، هێزەکانی ئەمریکا لانیکەم 100 جار لە هەرێمی کوردستان، عێراق و سووریا بە درۆن لەلایەن بەشێک لە گرووپە نەناسراوەکانی شیعەوە هێرشیان کراوەتە سەر.
 
نێچیرڤان بارزانی لەمبارەیەوە لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند "ئێمە، پێمانوایە ناردنی ئەم درۆنانە بۆ هەرێمی کوردستان ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی عێراقیش تێکدەدەن، چونکە هەمووی بەیەکەوە بەستراوەتەوە و ناکرێ ئەمانە لە یەکتر جیابکرێنەوە. ئەمە بابەتێکی سەرەکی بوو کە لەگەڵ هەموو لایەنەکان باسمان کرد. بەدڵنیاییەوە گفتوگۆی زیاتری دەوێت، بەڵام ئێمە هیوادارین کە ئەم بابەتەش چارەسەر بکرێت."
 
"هیوادارین ئەمساڵیش مووچە نەبێتە بابەتی میدیا و راگەیاندنەکان"
 
لە کۆتایی گوتەکانی و پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەڤانان بداتەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی "خۆڕاگریی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان"ـی کرد و رایگەیاند "سوپاسیان دەکەین کە بەڕاستی لە هەموو کوردستانەوە زۆر خۆڕاگربوون و زۆریان دان بەخۆدا گرتووە. هیوادارین ئەم ساڵ ئەم بابەتە جارێکی دیکە نەبێتە بابەتی میدیایی و لە راگەیاندنەکان باسبکرێت و بابەتێک بێت کە بە شێوەیەکی سرووشتی و ئاسایی، وەکو هەموو مووچەخۆرانی دیکە لە عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش دابینبکرێت."

 

 

دەقی پرسیارەکانی پەیامنێران و وەڵامەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

پرسیاری یەکەم، پەیامنێری NRT: کاک نێچیرڤان بەخێربێیت بۆ بەغدا. هاتنی ئێوە بۆ بەغدا وەکو سەرۆکی هەرێم ناردنی 618 ملیاری لێکەوتەوە، لەکاتێکدا پێشتر چەندین شاند هاتوون هیچیان بە هیچ نەکردووە. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە ئەو شاندانەی هاتوون بڕیاربەدەست نەبوون و نەیانتوانیوە بگەنە رێککەوتن؟ ئێستا بڕێک پارە دەنێردرێت و مووچەیەکی پێ دابەش دەکرێت. ئایا کەی ئەم کێشانە لە ریشەوە چارەسەر دەکرێن؟ چەندین جار رێککەوتن کراوە و یاسا دەرکراوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە چارەسەری یەکجاری.
 
نێچیرڤان بارزانی: بە سوپاسەوە شاندی هەرێمی کوردستان، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە جددی کاریان لەسەر ئەم بابەتە کردووە. واتا بابەتەکە ئەوە نییە تەنیا بەندە! حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو شاندانەش، کە لە هەولێرەوە هاتوونەتە بەغدا بەشێوەیەکی زۆر رێکوپێک کاریان لەسەر ئەم دۆسیەیە کردووە. هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە؛ ئەمە لە ریشەوە چارەسەر بکرێت و نەبێتە بابەتێکی میدیایی. مووچە هات! مووچە گەیشت! مووچە وایلێهات! ئێمە ئێستا بە هیوای ئەوەین؛ بتوانین ئەم بابەتە بە شێوەیەک چارەسەر بکەین، کە نەبێتە بابەتی میدیایی ئینشائەڵڵا. 
 
پرسیار دووەم، پەیامنێری کوردسات: لە هەمواری یاسای بودجەدا، چۆن چارەسەری کێشەی بودجە دەکرێت، پشکی فەرمانبەران و هەرێمی کوردستان بە چەند دەخەمڵێندرێت؟ ئایا ئەم کێشەیە هاوشێوەی ساڵی 2023 دووبارە دەبێتەوە؟ یان بە تەواوەتی چارەسەر دەکرێت؟
 
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە هیوادارین، بێگومان تەنیا بۆ دابینکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 875 ملیار دینار پێویستە. ئەمە تەنیا بۆ مووچە. ئەمە بابەتێکە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر شەفافانە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا کردووە و هەموو داتاکانی داوەتە بەغدا. جا ئێستا نۆرەی ئەوەیە ئیلتزام لە بەغداوە بکرێت و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت. 
 
پرسیاری سێیەم، پەیامنێری کەناڵی رەشید: ئەمڕۆ حکومەت بڕیاری ناردنی 615 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان دا (618 ملیارە و بۆ زانیاریی زیاتر، کلیک لەسەر ژمارەکە بکە)، ئەمە بەهۆی سەردانەکەتان بوو بۆ بەغدا؟ ئەو بڕیارە پێش، یان دوای کۆبوونەوەتان بوو لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنە سیاسییەکان؟
 
نێچیرڤان بارزانی: بە لوتفەوە دوێنێ سەرۆکوەزیران باسی ئەوەی کرد، کە ئەم بابەتە دەخرێتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام بێگومان ئەوە تەنیا هەوڵی من نییە، پێش منیش حکومەتی هەرێم شاندی ناردووەتە بەغدا و بە بەردەوامی لەسەر هێڵ بوون لەگەڵ بەغدا و هەوڵێکی زۆریان داوە، هەموو لایەکمان هەوڵمان داوە بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە پشت بەخوا لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێت.
 
پرسیاری چوارەم، پەیامنێری کوردستان24: ماوەی دوو رۆژە لە بەغدان و زیاتر لە 14 کۆبوونەوەتان ئەنجامداوە، تاچەند دڵنیاییتان وەرگرتووە بۆ ئەوەی چیدیکە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان دووبارە نەبنەوە؟
 
نێچیرڤان بارزانی: ئەو درۆنانەی دەنێردرێن بۆ هەرێمی کوردستان، پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە و ئەمە کەمکردنەوەی دەسەڵات و بۆچوونەکانی سەرۆکوەزیرانیشە وەکو فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، هەڵوێستی ئێمە روونە؛ ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن و دووبارەنەبنەوە. وەک گەرەنتی من هیچ گەرەنتییەکم وەرنەگرتووە، بەڵام بە روونی لە قسەکانی خۆم لەو رێوڕەسمەدا، هەڵوێستەکانی هەرێمی کوردستانم باسکردووە و ئێمە دیسانەوە جەخت لەو هەڵوێستە دەکەینەوە، ئەوانەی لە دەرەوەی یاسا ئەو شتانە دەکەن، یەکەم شت پێشێلی سەروەریی عێراق دەکەن بۆ نموونە چ جیاوازییەک هەیە، جیاوازی نێوان هەولێر و بەغدا چییە؟ هەولێریش شارێکی عێراقییە و سەروەریی هەولێر و سەروەریی بەغدا یەک سەروەرین کە سەروەری عێراقە. پێشێلکردنی سەروەریی عێراق لە لایەن هەندێک گرووپی چەکدارەوە، پێشێلکردنی سەروەریی هەموو عێراقە نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان و دەبێ ئەمە بوەستێنرێت، ناکرێت ئەمە بەردەوام بێت. لێکتێگەیشتنێکی باش هەیە بۆ ئەم مەسەلەیە و من دەتوانم ئەوە بڵێم کە لێکتێگەیشتنی باش هەیە و بە هیواین کە ئینشائەڵا چارەسەر بکرێت.
 
پرسیاری پێنجەم، پەیامنێری زووم: لەو سەردانەدا ئایا کاتێکی دیاریکراوی راستەقینە دانراوە بۆ ئەوەی بودجە هەموار بکرێتەوە، ئەم هەموارکردنە ئایا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؟ لە لایەکی دیکەشەوە بڕیارە شاندێکی کومیسیۆن سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، ئایا کاتێک دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؟
 
نێچیرڤان بارزانی: خۆی بە نیسبەت پرسیاری یەکەم، هەموو هەوڵێکی هەرێمی کوردستان ئەوەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەک دابڕێژرێت کە دەستەبەری مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات. لەسەر هەڵبژاردن، بەداخەوە هەڵبژاردنەکان زۆر درەنگ کەوتوون و درەنگکەوتنی زیاتری هەڵبژاردنەکان، زیاتر رەوایەتیی دام و دەزگەکانی هەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئێمە، داوامان کردووە شاندی کۆمیسیۆنی باڵا (هەڵبژاردنەکانی عێراق) سەردانی هەولێر بکات لەم هەفتەیەدا و، سبەی و دووسبەی لەگەڵ هاوکارانم دیدار دەکەن لە سەرۆکایەتیی هەرێم و ئێمە قسە لەسەر وادەیەک دەکەین، کە دڵنیا بین لەوەی لەو وادەیەدا هەڵبژاردن دەکرێت. بەداخەوە ئەمە جاری دووەمە، من لە سەرۆکایەتیی هەرێم رۆژی هەڵبژاردن دیاری دەکەم و لەبەر زۆر هۆکار، ناکرێت. هیوادارم ئەمە دواجار بێت.
 
پرسیاری شەشەم، پەیامنێری سۆمەرییە: هەمیشە کێشەی شایستەکانی هەرێم کێشەیەکی بەردەوام بووە. هەمیشە شاندە کوردییەکان هاتوونەتە بەغدا و کۆبوونەتەوە، بەڵام هەتاوەکو ئێستا داڕشتنەوەیەک بۆ ئەو بابەتە نییە. ئایا لە سەردانەکەتاندا، ئەمڕۆ لە بەغدا پێشنیازی دانانی ستراتیژییەتێکی کۆتاییتان بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی هەرێمی کوردستان کردووە؟... هیوادارم جەنابت بە عەرەبی وەڵامبدەیەوە، بەمە زۆر هاوکار دەبیت:
 
نێچێرڤان بارزانی: زۆرم پێخۆشە، بەڵام عەرەبییەکەم ئەوەندە باش نییە، با هەر بە کوردی وەڵام بدەمەوە. ئێمە هیوادارین، ئەوەی من بینینم لە جەنابی سەرۆکوەزیران، لە بەغدا، هەموولایەک دەیانەوێ ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و هەموو هەوڵی ئێمەش ئەوەیە ئەم کێشەیە بەپێی یاسا چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.
 
پرسیاری حەوتەم، پەیامنێری رووداو: بۆ یەکەمجارە حکومەتی عێراق بەبێ قەرز پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، ئایا هەر بەم شێوەیە و لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان ناردنی ئەم پارەیە بەردەوام دەبێت؟ پرسیاری دووەمیشم ئەوەیە، کەی هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێدەکاتەوە؟
 
نێچیرڤان بارزانی: پرسیارێکی زۆر بەجێیە، بابەتی هەناردەکردنی نەوتیش (نەوتی هەرێمی کوردستان) یەكێک لە بابەتەکان بوو، کە ئێمە لەگەڵ وەزیری نەوت و لەگەڵ سەرۆکوەزیران قسەمان لەسەر کرد و بە هیوای ئەوەین؛ ئەم مەسەلەیەش پشت بەخوا لە ماوەیەکی کورتدا چارەسەر بکرێت. من ناتوانم بڵێم کەی، بەڵام پێموایە ئێمە لەسەر رێگەیەکی دروستین بۆ ئەوەی ئەو کێشەیەش پشت بەخوا چارەسەر بکرێت. مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مافی خۆیانە کە مووچە وەربگرن و ئێمە هیوادارین ئەو بڕیارەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران سەرەتایەک بێت بۆ کۆتاییپێهێنان بەو کێشەیە.
 
پرسیاری هەشتەم، پەیامنێری کەناڵ8: سەبارەت بە پۆستی پارێزگاری داهاتووی کەرکووک، چ هەنگاوێک دەنێن؟
 
نێچیرڤان بارزانی: دوای ئەوەی ئەنجامەکان رابگەیەنرێن و تانەلێدانەکان کۆتاییان بێت، بەدڵنیاییەوە ئێمە دەکەوینە گفتوگۆکردن. وەکو پارتی ئێمە یەکەمجار لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەم باسە دەکەین و پشت بەخوا هەوڵدەدەین بگەینە لێکتێگەیشتنێک لەسەر ئەوەی، لە موسڵ و لە کەرکووک لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بێت.
 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی دوای بەفربارین لە کرماشان. وێنە: تایبەت بە رووداو

بەهۆی بەفربارینەوە لە 11 شاری کرماشان خوێندن کرایە ئۆنلاین

لە کۆبوونەوەی بەپەلەی رۆژی هەینی، 20/12/2024ی یەکەی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی پارێزگای کرماشان بە سەرپەرشتی پارێزگار، بڕیاردرا ئەمڕۆ شەممە قوتابیان لەو پارێزگایە، جگە لە شارەکانی قەسری شیرین، سەرپێڵی زەهاو و گیەڵان، نەچنە قوتابخانە و ئۆنلاین وانەکانیان بخوێنن.