کوردستان
بە بڕیاری دادگە شەش لە دەستبەسەرکراوەکان بە تۆمەتی ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە خرانە زیندانەوە
رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری دادگەی رووها، لەو هەشت کەسەی چوارشەممەی رابردوو بە تۆمەتی ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دەستبەسەر کران، شەشیان خرانە زیندانەوە.
رۆژی پێنجشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2023 لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان ئەو هەشت کەسە درانە دادگە کە رۆژی چوارشەممە 11ی تشرینی یەکەم لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا لە پارێزگاکانی رووها، ئێلیهـ ، دیلۆک و مێردینی باکووری کوردستان و ئادانا، ئانتاڵیا، بورسا و عوسمانییەی تورکیا دەستبەسەر کرابوون.
بە بڕیاری دادگە شەش لە دەستبەسەرکراوەکان بە تۆمەتی ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە خرانە زیندانەوە و دوو دەستبەسەرکراوەکەی دیکەش بە مەرجی دادوەری ئازاد کران.
دوای هێرشەکەی رۆژی یەکشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2023 بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا لە ئەنقەرە، کە پەکەکە لەئەستۆی گرت، لە ناوخۆی تورکیا چەندین کەس بە تۆمەتی ئەندامێتی و لایەنگری بۆ پەکەکە دەستگیر کراون، کە زۆربەیان ئەندام و لایەنگری هەدەپەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ