جێگری پارێزگاری هەڵەبجە: تەنیا بۆ پڕۆژە وەستاوەکان 164 ملیار دینارمان پێویستە

13-09-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، داوایان کردووە دوای بەپارێزگاربوونی هەڵەبجە بودجەیان بۆ خەرجبکرێت کە تەنیا بۆ پڕۆژە وەستاوەکانی ساڵانی رابردوو 164 ملیار دیناریان پێویستە. 
 
رۆژی چوارشەممە 13-09-2023، کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو نەخشەی پارێزگای هەڵەبجە کە نێردراوە، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی تێدا نەکراوە و سنووری هەڵەبجە بە روونی دیاریکراوە کە لە چوار ناحیە و ناوەندی هەڵەبجە پێکدێت. ئەو نەخشەیە بە هاوئاهەنگی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دانراوە و دواتر رەوانەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانمان کرد."
 
بڕیارە سبەی پێنجشەممە 14-09-2023، لە پەرلەمانی عێراق دەنگ بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاربوونی هەڵەبجە بدرێت. جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، "لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە بەغدا گفتوگۆمان کردووە و داوامان کردووە دوای بەپارێزگاربوونی هەڵەبجە بودجەی پێویستمان بۆ خەرجبکەن و بابەتەکە تەنیا بەپارێزگاربوون نەبێت. بەگوتەی نوێنەرانی کورد بێت سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە کە دوای بەپارێزگاربوون پارەی پێویستی بۆ خەرجبکرێت."
 
کاوە عەلی ئاماژەی بەوە کرد، زۆرترین بودجە کە بە کرداری بۆ پارێزگای هەڵەبجە خەرجکراوە ساڵانە زیاتر لە دوو ملیار دینار بووە. دەشڵێت، "پارێزگاری هەڵەبجە تەنیا بۆ پڕۆژە وەستاوەکانی ساڵانی رابردوو واتا لە ساڵی 2010 بۆ 2022 پێویستی بە 164 ملیار دینارە."
 
بەپارێزگابوونی هەڵەبجە 10 ساڵ زیاترە لە هەرێمی کوردستانەوە کاری بۆ دەکرێت، بەڵام هەر جارە و بە هۆکارێک لە بەغدا شکست بە هەوڵەکە دەهێندرێت. ئێستا خەریکە خەونی هەڵەبجەییەکان دێتەدی و دەبێتە 19ـیەمین پارێزگای عێراق.
 
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد، بەڵام ناکۆکیی نێوان شیعەکان و سوننەکان بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگایەکی نوێ. 
 
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتر لە 135 هەزار کەسە؛ پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.