رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران رایگەیاند، بڕیارە بەمنزیکانە 14 گیراوی ئێرانی کە لە گرتووخانەکانی هەرێمی کوردستانن، رادەستی ئەو وڵاتە بکرێنەوە.
رۆژی پێنجشەممە 13-07-2023 عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارە 14 گیراوی ئێرانی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە رادەستی ئێران بکرێنەوە." گوتیشی، "ئەو 14 کەسە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لێخۆشبوونیان بۆ دەرکراوە."
بە گوتەی بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران، ئەو 14 کەسە ئامادە دەکرێن بۆ ئەوەی رادەستی ئێران بکرێنەوە، بەڵام هێشتا رێکارەکانیان تەواو نەبووە، "هەرکاتێک تەواو بوو پەیوەندییەکانی دەرەوە و کۆنسوڵخانە ئاگادار دەکرێنەوە، بۆئەوەی لە سنوور رادەستیان بکەینەوە."
سەبارەت بە دۆسیەی ئەو 14 کەسە، عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتی، "ئەو 14 کەسەی بڕیاری لێخۆشبوونیان بۆ دەرکراوە کێشەی جۆراوجۆریان هەیە، بە نموونە، هەیە وێنەی شوێنی رێگەپێنەدراوی گرتووە یان هەر بابەتێکی لەو شێوەیە، بۆیە بەشێکیان پێنج ساڵ یان 10 ساڵ یان کەمتر حوکم دراون."
رادەستکردنی 14 گیراوی ئێران لەکاتێکدایە، رۆژی 27ی حوزەیرانی 2023، ئێران چوار زیندانی سیاسیی رادەستی هەرێمی کوردستان کردەوە، کە ساڵێک و دوو مانگ بوو لەلایەن ئێرانەوە گیرابوون. دواتر بە هەوڵی نێچیرڤان بارزانی ئازاد کرابوون.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتی: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبەرنامەیدا بوو بڕیاری لێخۆشبوون بۆ هەندێک لە زیندانیانی ئێران دەربکات، چونکە بەردەوام بەرپرسانی ئێرانی داوایان دەکرد بۆ هەندێک لە زیندانیان بڕیاری لێخۆشبوون دەربکرێت، بە نموونە بۆ ئەم 14 کەسە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ