رووداو دیجیتاڵ
کەریم خوداد و نەشمیلی هاوژینی بەدیار چرایەکەوە لە گوندی قەڵەمە لە گەرمیان دانیشتوون، بێ کارەبایی لە گەرمای هاوین و سەرمای زستان تاقەتی لێبڕیوون. گوندەکەیان لەگەڵ 28 گوندی دیکە لە گەرمیان کارەبایان نییە.
نەشمیل عەلی دەڵێت: بەخوا سەلاجە و موجەمیدەکەمان دوێنێ پڕیان کردووە لە بەفر ئەوەتا تواوەتەوە و بەفری تێدا نەماوە، ئەمە کەی ژیانە؟
کەریم خوداد، هاونیشتمانی گوندێکی گەرمیانە و دەڵێت: سێ بۆ چوار ماڵ بووین هەموویان رۆشتن هەر ئێمە ماینەوە، ئێمەش چەند رۆژێکی دیکە دەڕۆین، هیچمان نییە، ژیانمان حەرامە، هەم لێرە و هەم لە شار.
شەش گوند لەو 29 گوندەی کە کارەبایان نییە، بە بوجەی 560 ملیۆن دینار تۆڕی کارەبایان بۆ راکێشراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە پرۆژەکە راوەستاوە.
گوندی بووکە یەكێکی دیکەیە لە گوندە بێ کارەباکانی گەرمیان. ئەحمەد حەمەعلی دوو هەزار 700 دۆلاری داوە بۆ ئەوەی لە رێگەی وزەی خۆرەوە کارەبای دەستکەوێت.
ئەحمەد حەمەعەلی، هاونیشتمانی گوندێکی گەرمیانە و دەڵێت: موبەریدەیەک و پانکەیەک ئیش پێدەکەین، ناتوانین گڵۆپ ئیش پێبکەین. ئەوەش ستوونەکەیە چەند مانگە هێناویانە، بەڵام کارەباکەیان رانەکێشاوە و نازانین هۆکارەکەی چییە.
ئەوە دووەم جارە کە تەندەرین بۆ کارەبای گوندەکان دەکرێت، بەڵام هیچ کۆمپانیایەک تائێستا ئامادە نییە پرۆژەکە وەربگرێت.
ئالان ئەرکان، گوتەبێژی کارەبای گەرمیان بە رووداوی گوت: جاری یەکەم بانگەوازی بۆ کراوە لە ئیدارەی گەرمیان و جاری دووەم لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە 31-5 بۆ جاری دووەم بۆی کرا و تەندەری کۆمپانیاکان بگەڕێتەوە، ئێمە هیوادارین بۆ کۆمپانیا دەربچێت و دەستبکرێت بە جێبەجێکردنی کارەبا بۆ ئەو 23 گوندە.
بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای گەرمیان پێویستی بە سێ ملیار و 521 ملیۆن دینارە بۆ ئەوەی کارەبا بۆ هەموو گوندەکانی سنووری گەرمیان دابین بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ