رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە ویستوویانە لەکاتی تاقیکردنەوە گشتییەکاندا گزی بکەن و دەشڵێت: "هەر ئۆتۆمبێلێک لە نزیکی قوتابخانەکان بێت و گومانی لێ بکرێت لەلایەن پۆلیسەوە چاودێری دەکرێت."
رۆژی سێشەممە، 13-06-2023 سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو دوو تۆمەتبارە بەنیازبوون لە رێگەی ئامێری بێ تەل و مۆبایلەوە لەتاقیكردنەوە گشتییەكاندا گزی بكەن. یەکێکیان خوێندکار بووە و ئەوی دیکە لە دەرەوە وەڵامی پرسیارەکانی بۆ گواستووەتەوە، بەڵام تواندرا هەردووکیان دەستگیر بکرێن."
بە گوتەی سەرکەوت ئەحمەد، ئەو دوو تۆمەتبارە لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگهی كوردساتی نههێشتنی تاوانهوه دەستگیرکراون و دەڵێت:" لەكاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكاندا دەستگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلێک و دوو ئامێری بێ تەل و دوو مۆبایلدا كە تۆمەتباران بەنیازبوون بۆ غەشكردن بەكاریبھێنن."
بە گوتەی پۆلیسی سلێمانی ئەو دوو تۆمەتبارە یەکێکیان ناوی (م، ع، م)ـە لهدایكبووی 1999ە، ئەوەی دیکەشیان ناوی (د، م، ع)ـە و لهدایكبووی 1998، هەردووکیان بە بڕیاری دادوەر راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
سەرکەوت ئەحمەد گوتی: "بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی، چاودێریی دەوروبەری قوتابخانەکان دەکەین، چونکە بەشێکی زۆری ئەوانەی قۆپی دەکەن لە رێگەی ئامێری بێ تەل لە چواردەوری قوتابخانەکان کەسێک لە نێو ئۆتۆمبێل پرسیاریان بۆ دەگوازێتەوە، ئامێرەکانیانیش نابێت دوو بۆ سێ کیلۆمەتر دوورتربێت، بۆیە هەر ئۆتۆمبێلێک لە نزیکی قوتابخانەکان بێت و گومانی لێ بکرێت لەلایەن پۆلیسەوە چاودێری دەکرێن. لەنێو هۆڵەکانی تاقیکردنەوەش پۆلیسمان هەیە."
رۆژی 3ـی حوزەیرانی 2023 تاقیکردنەوەکانی 12ـی ئامادەیی دەستیپێکرد، تاوەکو ئێستا لە سلێمانی 10 کەس دەستگیرکراون کە ویستوویانە لە کاتی تاقیکردنەوەکان لەڕێگەی ئامێری بێ تەل و موبایلەوە گزی بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ