رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ ئەوەی ئەمساڵ باران بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی زیاد کردووە، بەڵام جووتیارانی گەرمیان ترسیان هەیە لەوەی بەهۆی هەندێک کێشەوە، لەوانە زوو نەکردنەوەی سایلۆ، زیاندمەند بن.
ئازاد عەلی، جووتیارە و لە شارۆچکەی قۆرەتوو لە گەرمیان لەگەڵ باوکی 300 دۆنم زەوییان بە گەنم چاندووە. کەشوهەوای ئەم ساڵ کاریگەریی لەسەر بەرهەمەکەیان هەبووە؛ بەرهەمیان کەمتر بووە لەوەی پێشبینییان کردبوو، جگە لەوەش نەکردنەوەی سایلۆی گەرمیان وایکردووە گەنمەکەیان لە بازاڕ هەرزانفرۆش بکەن.
ئازاد قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "ئێمە (تۆنی گەنم) بە 650 هەزار دینار دەفرۆشین، حکومەت بە 850 هەزار دینار وەریدەگرێت. واتا بە 200 هەزار کەمتر دەیفرۆشین."
جووتیارەکەی قۆرەتوو باس لەوە دەکات، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان زوو سایلۆکان بکاتەوە، بەرهەمەکەیان بەو نرخە کەمە نادەن و زەرەرمەند نابن.
جووتیارانی گەرمیان ساڵانە گرفتی درەنگ کردنەوەی سایلۆیان هەیە، بەهۆی ئەوەی ئەوان لە 10ـی ئایارەوە دەست بە دروێنەکردنی بەرهەمی گەنم دەکەن و لە 1ـی حوزەیران سایلۆیان بۆ دەکرێتەوە.
محەممەد عەلی جووتارە لە گەرمیان و دەڵێ، دەبێت گەنمەکانیان لە زەوی دابنێین. ''جاری وا هەیە بارانی لێدەدات و ئەسپێ دروست دەکات و گەنمەکانمان ناشیرین دەبێت. سایلۆ وەریناگرێت. پار ئەو کێشەیەمان هەبوو."
جووتیارێکی دیکە بەناوی عەلی کەریم گازەندەی ئەوە دەکات؛ ئەوان بەرهەمی گەنمیان لە هەر دۆنمێک زیاتر لە هەزار کیلۆیە، بەڵام "لە دۆنمێک 200 کیلۆگراممان لێ وەردەگرن، ئەوەی دەمێنێتەوە، نازانین بۆ کوێی ببەین."
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی گەرمیان داوا لە ئیدارەی گەرمیان دەکات؛ زووتر سایلۆ بکرێتەوە و گەنمی جووتیاران وەربگرن.
ئیسماعیل محەممەد، بەڕێوەبەری بەشی بەروبوومەکان لە کشتوکاڵی گەرمیان قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی پێویستە "هەوڵبدرێت بەزووترین کات ئەو سایلۆیە بکرێتەوە، چونکە ئێمە ساڵانە لەگەڵ سلێمانی دانراوین بۆ کردنەوەی سایلۆ، (بەڵام) ئێمە پێش سلێمانی گەنممان پێدەگات و دروێنە دەکەین. هەوڵمان داوە سایلۆ لە 15-5 بکرێتەوە."
بەڕێوەبەری سایلۆی گەرمیانیش دەڵێت تەنها دوو کارمەندیان هەیە، بەهۆی نەبوونی کارمەند ناتوانن سایلۆ پێش کاتی خۆی بکەنەوە.
کاروان رەئووف، بەڕێوەبەری سایلۆی گەرمیان باسی لەوە کرد "ئێمە، بەناچاری ساڵانە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکەی گەرمیان فەرمانبەر دەهێنینە سایلۆ لەکاتی وەرگرتنی گەنمدا، هەر لەبەر ئەمەشە بە ناچاری گەنمەکانمان لە پەنکەرەکان خەزن دەکەین کە پەنکەری کراوەی گەنمن."
بەرهەمی جووتیارانی گەرمیان پار 143 هەزار تۆن بووە، پێشبینی وایە بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران 200 هەزار تۆن بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ