رووداو دیجیتاڵ
شاندى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغدا دەکات بۆ یەکلاکردنەوەى بڕى ئەو گەنمەى لە جووتیارانى هەرێمى کوردستان وەردەگیرێت. وەزارەتى كشتوکاڵى عێراق 600 کیلۆ گەنمى بۆ یەک تۆن دیاریکردووە، لە کاتێکدا بڕى بەرهەمى پێشبینیکراو دەگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن.
كۆبوونەوەکان لەلایەن دوو شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە دەکرێن، لەبارەى بڕى وەرگرتنى گەنمى جووتیاران لەگەڵ بەپرسانى وەزارەتە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى فیدراڵى کۆدەبنەوە.
بڕیار بوو کۆبوونەوەکان لە 15ى ئادار دەستپێبکەن، بەڵام رزگار حەمەد خدر، راوێژکارى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان کە لەو شاندە بەشدارە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "کۆبوونەوەکان دواخران بۆ 20ى ئایار."
ئەو دوو شاندە یەکێکیان تەکنیکییە و سەر بە وەزارەتى کشتوکاڵە، ئەوى دیکەیان شاندى ئەنجوومەنى وەزیرانە کە نوێنەرى وەزارەتى کشتوکاڵ و بازرگانیى تێدایە.
هیوا عەلی، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، سەرەتا لیژنە تەکنیکییەکە لەگەڵ وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق لەبارەى بڕى گەنمەکە کۆدەبێتەوە و راسپاردەکانى دەداتە شاندە وەزارەییەکە، بۆئەوەى لە کۆبوونەوەکەیاندا بڕیارى لەبارەوە بدەن.
جیاوازیى بەغدا و هەولێر لەسەر بڕى ئەو گەنمە کە دەبێت وەزارەتى بازرگانى لە جووتیارانى وەربگرێت، لەسەر بنەماى هەڵسەنگاندنە بۆ بڕى پێشبینیکراوى بەرهەمى هەر دۆنمێک زەویى کشتوکاڵى. کۆبوونەوەکانى بەغدا بۆ یەکلاکردنەوەى ئەو پرسەیە.
هیوا عەلی دەڵێت، "وەزارەتى کشتوکاڵى فیدراڵى دەیەوێت بڕى بەرهەمهێنانى گەنم لە هەرێمى کوردستان بە 600 کیلۆگرام بۆ یەک دۆنم دیاری بکات، بە شێوەیەکى هەڕەمەکى وەک شارەکانى دیکەى عێراق. لە کاتێکدا بڕى گەنمى بەرهەمهێندراو لە هەرێمى کوردستان بۆ دۆنمێک لە نێوان 850 کیلۆ بۆ یەک تۆنە."
وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێمى کوردستان بڕى پێشبینیکراوى گەنمى جووتیارانى بە نزیکەى دوو ملیۆن تۆن مەزەندە کردووە، لە کۆى ئەو سێ ملیۆن دۆنم زەوییەى بە دانەوێڵە چێندراون.
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، یەکێکى دیکە لەو پرسانەى شاندەکانى بەغدا و هەولێر گفتوگۆى لەبارەوە دەکەن، تواناى کۆگەی سایلۆکانى هەرێمى کوردستانە، کە ئێستا تواناى وەرگرتنى یەک ملیۆن و 200 هەزار تۆن گەنمیان هەیە.
پێشبینیی وەزارەتى کشتوکاڵى فیدراڵ بۆ بڕى گەنمى بەرهەمهێندراوى ئەم ساڵ زیاتر لە شەش ملیۆن تۆنە، بە هەرێمى کوردستانیشەوە. ئەنجوومەنى وەزاریى ئابووریى عێراق، 850 هەزار دینارى بۆ یەک تۆن گەنم دیاریکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ