دارەوان حاجی حامید: هیچ کێشەیەکم لەگەڵ سەفین دزەیی نییە و لە کارەکەم بەردەوامم

13-01-2024
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا رایگەیاند، هیچ کاتێک کێشەی لەگەڵ سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە نەبووە، بەپێچەوانەوە بەردەوام هاوکاری نوێنەرایەتییەکەیان لە ئیسپانیا بووە. دەشڵێت، "ئەو نووسراوەی بڵاوکراوەتەوە، بەمەبەستە و بۆ ناوزڕاندنی من و خانەوادەکەمە."
 
رۆژی شەممە، 13-01-2024، نووسراوێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، کە لەلایەن سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاراستەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا کراوە.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "ماوەیەک بەتایبەتی دوای دەستبەکاربوونی نوێنەری نوێ کۆمەڵێک کێشە و گرفت لە نوێنەرایەتییانەوە رووبەڕووی فەرمانگە دەکرێتەوە کە بووەتە هۆی دوورکەوتنەوەی نوێنەرایەتی لە ئەرکی خۆی و سەرقاڵکردنی ستافی فەرمانگە بەو گرفت و کێشانەی کە دوورە لە کاری سەرەکی نوێنەرایەتی و شێواز و پڕەنسپی کارپێکراوی کاروباری کارگێری، یاسایی و دیبلۆماسی کە سەرجەم نوێنەرایەتییەکان پابەندن پێوە."
 
لە نووسراوەکەی سەفین دزەیی کە ئاراستە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە ئیسپانیا کردووە هاتووە، "هەست دەکەین زۆربەی ئەو کێشانە چوارچێوەی کەسییان هەیە و رۆژ لە دوای رۆژ روو لە پەرەسەندنە، هەموو ئەمانەش لە نووسراوە فەرمییەکانتان کە ئاراستەی فەرمانگەکراون تاوەکو دەگاتە ئەو پۆستانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە بەشێوەیەکی نابەرپرسانە بڵاوی دەکەنەوە رەنگ دەداتەوە."
 
بەگوێرەی ئەو نووسراوە بێت، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆیان لەبارەی کاری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گەیاندووە و دەڵێت، "پێویستە بە زووترین کات سەرجەم ئەو کردارانە رابگرن چیتر بابەتی کەسی تێکەڵ بە بابەتی پیشەیی و دیپلۆماسی نەکەن هەروەها لە کاتی ئیستادا جگە لە کاری کۆنسوڵگەری یاسایی تایبەت بە رەوەندی کوردستانی هەموو جموجوڵێکی دیکە تایبەت بێت بە کاروباری سیاسی، دیبلۆماسی رابگرن تاوەکو لە ئایندەیەکی نزیک ئاگادارتان دەکەینەوە."
 
دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا لەبارەی بڵاوبوونەوەی نووسراوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو نووسراوەی تازە لە میدیاکان بڵاوکراوەتەوە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2023 ئاراستەی نوێنەرایەتیمان بە گشتی کراوە، بەبێ ناوهێنانی هیچ کەسێکی دیاریکراو، خۆم لە بەرپرسیارێتی نادزمەوە و وەکو نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەزانم 80٪ـی ئەو نووسراوە ئاراستەی من کراوە، بەڵام ئەوە کێشەیەک بووە و چارەسەرکراوە."
 
لەبارەی کێشەی نێوان نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، دارەوان حاجی حامید گوتی، "لە رابردوو هەندێک کارمان کردووە کە دەنگدانەوەی هەبووە، بۆ نموونە باسی هێڵی شەمەندەفەرەکەمان کردووە کە دوایین مۆڕی لە نوێنەرایەتیمان کراوە، ئەوە برادەران لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە نیگەران کردبوو و پێیان وابوو نەدەبووو پەلە بکەین و قسەی لەبارەوە بکەین، بەڵام لە راستیدا بۆ ئەوە پرسی راوێژکاری وەزارەتمان کردبوو و ئاگاداریش بوون."
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا دەڵێت، "جگە لە بابەتی هێڵی شەمەندەفەرەکە، هەندێک کێشەی ناوخۆیی هەبوون کە ناکرێت لە میدیا باسبکرێن، بەڵام ئەو کێشانە هیچ پەیوەندییەکی بە من و کاک سەفینەوە نییە هەردووکمان بەلامانەوە سەیرە هەواڵ بڵاوکراوەتەوە گوایە کێشەمان هەیە، هیچ کاتێک بۆ یەک رۆژیش لەگەڵ بەرپرسی فەرمانگەی دەرەوە کێشەم نەبووە، بەپێچەوانەوە بەردەوام هاوکارمانە. بەڵێ کەموکورتی و هەڵەمان هەبووە، بەڵام ئەوە پەیوەندی بەهەموو نوێنەرایەتی هەبووە و کێشەی کەسی نییە لە نێوان ئێمە."
 
ئەو نووسراوەی بە واژۆی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بڵاوکراوەتەوە رۆژی 10-12-2023 دەرکراوە. دارەوان حاجی حامید دەڵێت، "رۆژی 11ـی 12ـی 2023 وەڵامی نووسراوەکەمان دایەوە و پۆزشمان هێناوەتەوە کە بەکارەکانی خۆماندا دەچینەوە و هەڵە دووبارە ناکرێتەوە و داوای لێبوردنیشمان کردووە و دوای چەند رۆژێک کێشەکە چارەسەر کرا."
 
بەگوتەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، "ئەو نووسراوەی ئێستا دراوەتە میدیاکان و بەبێ ئیتیک بڵاوی دەکەنەوە، برادەرێک لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەمەبەست بڵاویکردووەتەوە، بۆ ناوزڕاندنی من و خانەوادەکەم خودی بەرپرسی فەرمانگەی دەرەوەش ئاگاداری ئەو کێشەیە و ئەو کەسە دەناسێت، کێشەکە تەواو کەسییە و لە نێوان دوو کەسە و پەیوەندی بە بەرپرسی فەرمانگەی دەرەوە نییە، ئەو وەکو بەرپرسی فەرمانگە نووسراوی دەرکرد بۆ ئەوەی کێشەکە پەرەنەسێنێت."
 
دارەوان حاجی حامید دەڵێت، "هەواڵەکان وا بڵاوکراوەتەوە من سڕکرابێتم، بەڵام من ئێستا کاری خۆم دەکەم و کێشەکە چارەسەرکراوە، بەڵام بەبێ پرس هەواڵەکان بڵاوکراونەتەوە و ئیتیکی رۆژنامەوانی بەوشێوەیە نییە، دەبێت کار و ئیتیکی رۆژنامەوانی وەکو رووداو بێت و پەیوەندی بە کەسەکان بکرێت، نابێت بەبێ پرسی کەسەکە شت بڵاوبکرێتەوە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.