رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 250 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.
رۆژی سێشەممە 12-12-2023، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 250 ملیار دینار لە رێگەی بانکی رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
ناردنی ئەو پارەیە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بەشێوەی قەرزە و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی پێ دابەش دەکات.
لە کۆی 700 ملیار دینار، وەزارەتی دارایی عێراق تائێستا تەنیا 250 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان. بەپێی زانیارییەکانی رووداو بڕیارە هەر ئەمڕۆ یاخود سبەی قۆناخی دووەم و سێیەمی ئەو بڕە پارەیە کە 200 بە 250 ملیار دینارە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 11-12-2023، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزیری دارایی لە شاری بەغداد گرێبەستی وەرگرتنی 200 ملیار دیناری وەک قەرز لە رێگای بانکی رەشیدەوە واژۆ کرد، بەپێی زانیارییەکانی رووداو ئەو پارەیە هێشتا نەخراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشکردبوو، لە چەند رۆژی رابردوودا بەهەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا سەرجەم رێکارەکان و گرێبەستی وەرگرتنی 500 ملیار دیناریان لە رێگەی بانکەکانی رافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقیەوە واژۆ کردوووە و چاوەڕوانن لە نزیکترین کاتدا پارەکە بگاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەت لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
رۆژی 14ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر تایبەت بە بودجە و مووچە سەردانی بەغدای کرد و جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کۆبووەوە.
دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتە مانگانە 700 ملیار دینار، ئەوەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ