کوردستان
بەشێک لە ژنان "وا لە پیاوەکانیان دەکەن موڵکەکانیان لەسەر ناویان تۆمار بکەن و دواتر پیاوەکە لە ماڵ دەردەکەن"
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان رایگەیاند، ئەم ساڵ 574 سکاڵا و تووندوتیژی بەرامبەر پیاوان تۆمارکراون و ژمارەکە بەراورد بە پار زیادیکردووە. دەشڵێت، "ئەم ساڵ شتێکی دیکە زیادیکردووە ئەویش ئەوەیە ژنان وا لە پیاوان دەکەن مۆڵکەکانیان لەسەر ناویان تۆماربکەن و دواتر پیاوەکە لە ماڵ دەردەکرێت و یاساش مۆڵکەکە بە ژنەکە دەدات."
رۆژی سێشەممە، 12-12-2023 بورھان عەلی، سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە1ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە تاوەکو 30ی تشرینی دووەم، 574 جۆری سکاڵا و تووندوتیژی لەسەرجەم لق و ناوچەکانمان تۆمارکراوە و 59 رووداوی خۆکوشتنی پیاوان هەبووە و حەوت پیاویش بەهۆی کێشەی خێزانی یاخود لەلایەن کەسوکاری هاوسەرەکەیەوە کوژراون کە پێنجیان لە هەولێر بووە."
بەگوتەی سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان، ئامارەکان بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە. لەبارەی هۆکارەکەشی، گوتی: "کێشە خێزانییەکان لە کۆمەڵگەی کوردی زیادیکردووە، قەیرانی دارایی و ئابووری راستەوخۆ کاریگەری هەبووە، پاشەکشەکردنی دەسەڵاتی یاسایی و ناسەقامگیری سیاسی وایکردووە دەروونێکی نائارام بۆ تاکی کورد دروست ببێت و سۆشیالمیدیاش یەکێکە لە هۆکارەکان."
لە 01-01-2022 تاوەکو 01-11-2022، لە هەرێمی کوردستان 427 جۆری سکاڵا و تووندوتیژی تۆمارکراون، 48 حاڵەتی کوشتن و پێنج حاڵەتی کوشتن بەهۆی کێشە خێزانییەکانەوە.
سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان لەبارەی جۆری سکاڵا و تووندوتیژییەکانی ئەم ساڵ گوتی: "جۆراوجۆرن ئەو 574 سکاڵای ئەم ساڵ هەڕەشە، تووندوتیژی و دەرکردنی پیاوانی تێدابووە، ساڵانە 35 بۆ 50 حاڵەتی دەرکردنی پیاوانمان لە ماڵ هەیە، نزیکەی 200 حاڵەتی نەبینینی منداڵمان هەیە، ئەمشەو کەیسێکم هەبووە کە نۆ ساڵە رێگەی پێنەدراوە منداڵەکەی ببینێت."
بورهان عەلی گوتیشی، "یەکێک لەو کەیسانەی ئەم ساڵ زیادیکردووە موڵکە، کە ئەم ساڵ زۆرترینە ئەویش ئەو پیاوانە دەگرێتەوە کە بە نیەتپاکی خۆیان موڵکەکەی بەناوی خێزانەکەی دەکار، بەڵام وردە وردە ژنەکە کە هەستی کرد بووەتە خاوەنی هەموو شتێک پیاوەکە دەردەکات، زۆر پیاومان هەن کە یاسا دەریان دەکات، ئەو حاڵەتە تازە زیادیکردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ