رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، شەوی رابردوو، چوار رووداوی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، کە زیانی مادییان زیاتر لە 15 ملیۆن دینار بووە.
رۆژی سێشەممە 12-12-2023، موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "یەکێک لە ئاگرەکان لە رێستۆرانێک بووە لە عەنکاوە لەسەر 100 مەتریی بە ناوی مام خەسرەو ئەو رێستۆرانتە بەهۆی لێچوونی گاز لە سیستمی گازی رێستۆرانتەکە ئاگری گرتووە، کە 10 ملیۆن دینار زیانی پێگەیشتووە".
لەبارەی رووداوی دووەم، گوتەبێژی بەرگری شارستانی گوتی، "لە گەڕەکی تووڕەق بووە و بەهۆی لێچوونی گازەوە بووە. توانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام زیانە مادییەکانی دوو ملیۆن و 800 هەزار دینار بووە".
لە ماڵێک لە گەڕەکی سەروەرانیش ئاگر کەوتووەتەوە و موقەدەم کاروان میراودەلی دەڵێت، "ئاگری سێیەم لە ماڵێک بووە لە گەڕەکی سەروەران ئەو ئاگرە بەهۆی شۆرتی کارەبا بووە و هیچ زیانی گیانی نەبووە، بەڵام ئەو ماڵەش نزیکەی سێ ملیۆن دینار زیانی مادییان کردووە".
لەبارەی رووداوی چوارەم گوتی، "لە بەشی ناوخۆیی 18ـی شووبات بووە، بەڵام هیچ کەسێک لەوێ پەیوەندی بە تیمەکانمان نەکردووە بۆ ئەوەی سەردان بکەن و راپۆرت ئامادەبکەن".
بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەم ساڵ لە سنووری هەولێر زیاتر لە هەزار و 720 ئاگر کەوتوونەتەوە، بەهۆیانەوە 15 کەس گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو حەوت هەزار و 546 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەرێمی کوردستان روویانداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ