رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای تورکمان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە سەرژمێریدا تێبینییەکان لەسەر ناوچە کێشەلەسەرەکانن، لەدوای هاتنی داعش کۆمەڵێک خەڵک بەزۆر ناوچەکانیان پێ چۆڵ کرا و نەگەڕاونەتەوە." سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێنی کریستیانەکانیش دەڵێت، "سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق دا، زیان بە ئێمە و پێکهاتەکانی دیکەیش دەگەیێنێت."
ئەمڕۆ سێشەممە 12-11-2024 رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە لەگەڵ ئەوەین سەرژمێری بکرێت، بەڵام بە هۆکاری ناسەقامگیری، هەر لە دامەزراندنی دەوڵەتەوە عێراق نەیانتوانیوە سەرژمێری بکات."
بە گوتەی رۆمیۆ هەکاری، "ئێستا لەبەرئەوەی نیچمە گۆڕانکارییەک لە نەخشەی دانیشتووانی پێکهاتەکاندا دروستبووە، بەهۆی ئەو ئاڵۆزی و شەڕانەی لە عێراق روویانداوە، بەشێک لە خەڵکی پێکهاتەکان ناوچەکانیان جێهێشتووە و هەندێکیان هەر وڵاتیان جێهێشتووە، پێویستە دۆخی ئێستای دانیشتووان لەبەرچاو بگیرێت. بۆ نموونە دەشتی نەینەوا زۆرینە مەسیحی بوون، بەڵام ئێستا رێژەی دانیشتووانی ئێمە کەمترە لەچاو ئەوکات؛ دەبێت ئەو خاڵە بە هەند وەربگیرێت."
رۆژانى 20 و 21ى ئەم مانگە سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان دەکرێت، یەکەمجارە لەدواى 38 ساڵ لە عێراق و هەرێمى کوردستان لە یەک کاتدا بکرێت.
سەبارەت بە سیستمی سەرژمێریی ساڵی 1957، رۆمیۆ هەکاری دەڵێت، "ئەوە دڵخۆشکەرە خەڵک لە شوێنە رەسەنەکەی خۆی ناوی تۆمار بکرێت؛ چونکە خەڵکی ئێمە (کلدان سریان ئاشووری) پەڕاگەندە بوون و وڵاتیان جێهێشتووە. ئەگەر ئەمانە سەرژمێری نەکرێن، رێژەی دانیشتووانی ئێمە کەم دەکات. پێویستە دۆخێکی دیکە بدۆزرێتەوە و هەموو خەڵکی ئێمە لە هەر کوێی دنیا بن دەبێت سەرژمێری بکرێن. بەو شێوەیەی ئێستا دەکرێت پێکهاتەکان زەرەرمانە."
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "سەرژمێری پرسێکی گرنگە و کاتێکی گونجاوی پێویستە. تێبینییەکان لەسەر ناوچە کێشەلەسەرەکانن، لەدوای هاتنی داعش کۆمەڵێک خەڵک بەزۆر ناوچەکانیان پێ چۆڵ کرا و جێهێشت و نەگەڕاونەتەوە. وەکو ناوچەی تەلەعفەر و بەرتلە و شنگال."
ئایدن مەعرووف کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیشە دەڵێت، "خەڵکی ئەو ناوچانەی کۆچیان کردووە و نەگەڕاونەتەوە، ئەوانە چۆن سەرژمێری دەکرێن؟ هاوکات کەرکووک زۆر گرنگە و لەدوای ساڵی 2014وە، عەرەبێکی زۆر لە دەوروبەری هاوردە کراوە. ئەوانە نابێت لەسەر کەرکووک حیساب بکرێن، ئەمە رۆڵێکی نەرێنیی هەیە. داوامان کردووە لەسەر کەرکووک حیساب نەکرێن و لەسەر ناوچەکانی خۆیان حیساب بکرێن."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی روونیکردەوە، "خەڵک لەوە دەترسن ئەو سەرژمێرییە بۆ بابەتی سیاسی بەکاربهێندرێت؛ دەنا لەگەڵ ئەوەین سەرژمێری بکرێت و ئەمە شتێکی باشە بۆ هەموو گەلانی عێراق."
قۆناخی گەمارۆسازی و ژمارەلێدانی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان کە هەنگاوى یەکەمى ئەو سەرژمێرییەیە، لە 1ـی تشرینى یەکەم دەستیپێکرد، لەکاتێکدا لە یەکى ئەیلوولەوە لە پارێزگاکانى عێراق دەستى پێکردووە.
120 هەزار سەرژمێرکار لە عێراق و هەرێمى کوردستان بەشدار دەبن لە سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان، وەڵامى زیاتر لە 70 پرسیار لەو خێزانانە وەردەگرن کە سەردانیان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ