رووداو دیجیتاڵ
وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان تاوەکو 15ـی تەممووز بەردەوام دەبێت و تائێستا زیاتر لە 484 هەزار تۆن گەنم لەلایەن سایلۆکانەوە وەرگیراوە.
حکومەتی عێراق 145 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی پارێزگای هەولێر وەردەگرێت. رۆژی چوارشەممە 12-07-2023، سەعید عومەر، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو دوێنێ 135 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و ئەمڕۆش لە وەرگرتنی گەنم بەردەوام دەبن.
بەگوتەی سەعید عومەر، لە 27ـی ئایارەوە دەستیان بە وەرگرتنی گەنم کردووە و بە فەرمی 15ـی ئەم مانگە کۆتایی بە وەرگرتنی گەنم دێت و دەڵێت، "ئێمە دڵنیاین تاوەکو 15 مانگ کۆتایی بە وەرگرتنی گەنم دەهێنین، بەڵام وەکو دڵنیایی سبەی نووسراو دەکەین بۆ بەغدا و داوا دەکەین سێ رۆژمان بۆ زیاد بکەن بۆ ئەوەی ئەگەر شتێک روویدا و نەمانتوانی تاوەکو 15ـی مانگ ئەو گەنمەی دیاریکراوە وەریبگرین، چەند رۆژێکمان لە بەردەست بێت."
حکومەتی عێراق هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگرێت. بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر دەڵێت، دەبێت حکومەتی عێراق زیاتر لە 100 ملیار دینار بنێرێت بۆ ئەوەی پارەی جووتیاران بدەن، "بەڵام عێراق تەنیا 15 ملیار دیناری بۆ خەرجکردووین؛ پێمان گوتوون کە پارەیەکی کەمتان ناردووە و پێویستە پارە بۆ جووتیاران بنێرن؛ ئەوان دەڵێن لەم چەند رۆژەدا بڕە پارەیەکی دیکە خەرج دەکەن."
لە سلێمانی و هەڵەبجە 227 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە
کامەران وریا، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئیدارەی راپەڕین، گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجەوە لە کۆی 230 هەزار تۆن گەنم کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دیاریکراوە، 227 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە و وەرگرتنی گەنمیش تاوەکو 15ـی مانگ بەردەوامە.
کامەران وریا گوتی، "ئەگەر تاوەکو ئەو کاتەش 230 هەزار تۆنەکە وەرنەگیرا، دەسەڵاتمان هەیە چەند رۆژێک زیادبکەین تاوەکو هەموو ئەو بڕە وەردەگرین کە بۆمان دیاریکراوە."
لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی بۆ گەنمی جووتیاران خەرجکراوە، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی دەڵێت، "ئەو بڕە پارەیەی خەرجکراوە کەمە. بۆ نموونە، دەبێت 160 ملیار دینار بنێردرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بەغدا تەنیا 30 ملیار دیناری خەرجکردووە. ئەوان دەڵێن هەر کاتێک وەزارەتی دارایی عێراق پارەی خستە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی، بۆتان خەرج دەکەین."
لە پارێزگای دهۆک 122 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە
لە پارێزگای دهۆک لە رێگەی سایلۆکانی فایدە، شێخان و زاخۆ 125 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت. نازم محەممەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆک بە رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا لەو سێ سایلۆیە 125 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم تاوەکو 15ـی ئەم مانگە بەردەوامە.
لەبارەی ئەو پارەیەی بۆ جووتیاران خەرجکراوە، نازم محەممەد گوتی، "تاوەکو ئێستا بەغدا تەنیا 23 ملیار دیناری بۆ جووتیاران خەرج کردووە."
ساڵی رابردووو بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت؛ ئەمساڵ بەرهەم زۆرە و بۆ وەرگرتنەکەی، حکومەتی عێراق سنووری داناوە و دەڵێت، تەنیا 500 هەزار تۆن وەردەگرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە دەبێت جووتیاران لە بازاڕەکاندا ساخی بکەنەوە.
پار لە پارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن، لە سلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن گەنم و لە دهۆک 52 هەزار و 195 تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ